ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاو هیچ وزە یان كالۆری لەخۆناگرێت، هاندەرە بۆ زیاتر سووتاندنی وزە، هەروەها هاندەرە بۆ كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن ئەگەر راستەوخۆ پێش ژەمەكان بخورێتەوە، چونكە قەبارەی ئاوەكە شوێنێك لەناو گەدە داگیر دەكات، بەمەوە پاش خواردنی بڕێكی كەمی خۆراك هەستكردن بە پڕبوونی گەدە یان تێربوون زووتر پەیدادەبێت، دەرەنجام كۆی كالۆری ژەمە خۆراكییەكە كەمتر دەبێتەوە، ئەمەش بنەمایەكی گرنگە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بەتایبەتی لە تەمەنی ناوەند و بەساڵاچوواندا، ئەم مەسەلەیە لەوانەیە كە لە گەنجەكاندا جیاواز بێت یان روونەدات. بە گوێرەی قەبارەی لەش و ئاستی چاڵاكیی فیزیكی رۆژانە، بڕی پێویستی ئاوی رۆژانە كە ئامانجی دابەزاندنی كێش بپێكێت بریتییە لە 28-55 میللیلیتر(سانتیمەتر سێجا) بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش، بۆنموونە ئەگەر كێشی كەسێك 90 كیلۆگرام بێت ئەوا پێویستە كە رۆژانە نزیكەی 2500-5000 میللیلیتر ئاو بخواتەوە. هەموو ئەو كردار و كارلێكانەی ناو لەش كە گرنگن بۆ سووتاندنی وزە و دابەزاندنی كێش تاكو بە چوستی فرمان بكەن پێویستییان بە ئاو هەیە، واتە ئاو یارمەتی لەش دەدات بۆ میتابۆلیزم و سووتاندنی چەوری. هەروەها لێكۆڵینەوەكان جەخت دەكەنەوە كە زیاد خواردنەوەی ئاو لەوانەیە كرداری بەدەستهێنانی وزە لە خۆراكدا یان میتابۆلیزم Metabolism تاوبدات و رێگر بێت بۆ زیاد وەرگرتنی وزە لە خۆراكەوە.