ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كوالیتی هەوای ناوماڵ زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی سییەكان، بۆنموونە پلەی گەرمی ژوور، ئاستی هەواگۆڕی، رێژەی شێداری، لەگەڵ رێژەی تۆز و گەرد و دوكەڵ. رێژەی شێداری Humidity ناوماڵ بەتایبەتی ئەگەر بەرزبێت ئەوا كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستی بەتایبەتی لە تووشبووان بە رەبو، چونكە گەشەی هەموو جۆرەكانی كەڕووی ناوماڵ زیاتر دەبێت. چەندین جۆری كەڕووی ناوماڵ Mould هۆكارن بۆ گرفت لە كۆئەندامی هەناسە و توندبوونی نیشانەكان لە كەسانی تووشبوو بە رەبو یان نەخۆشی تری كۆئەندامی هەناسە. هەڵخستن و وشككردنەوەی جلی تەڕ لەناوماڵدا، داخستنی دەرگا و پەنجەرەكان لە وەرزی زستاندا، داخستنی هەواگۆڕی لەكاتی خۆشووشتن لە ژووری گەرماودا، هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی شێداری لە ناوماڵدا. رێژەی گونجاوی شێداری ناوماڵ RH لە كەشی هاویندا بریتییە لە لە 40-50%، لە وەرزی زستانیشدا 30-40%. ئاستی نزمی شێداری ناوماڵ دەبێتە ئەگەری وشكبوونی پێست و لێو و قژ، كڕانەوەی قوڕگ و لووت، خورشتی پێست، قڵیشانی لێوەكان. لە ماڵێكی كۆنی سارد كە هەواگۆڕی باشی تێدا نەبێت، رێژەی شێداری تێدا بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە ناوەندێكی باش بۆ گەشەی هەموو جۆرەكانی كەڕوو.