ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

گرژبوونی كۆڵۆن IBS حاڵەتێكی باوە، گرفتێكی درێژخایەنی رێخۆڵە ئەستوورەیە و پێویستی بە چاودێرییەكی درێژمەودایە. حاڵەتەكە گەلێك جار بە درێژایی تەمەن دەمێنێتەوە و كاریگەری دەكاتە سەر ژیانی رۆژانەی تووشبوو، نیشانەكان ماوە ماوە دێن و دەڕۆن یان سووك و قوڕس دەبنەوە. تا ئێستا هۆكاری تەواو لەپاڵ تووشبوون بە گرژبوونی كۆڵۆن نەزانراوە ئەگەرچی پەیوەندی هەیە بە جۆری خۆراك، زیاد هەستیاربوونی دەمارەكانی ریخۆڵە، سترێس، مەیلی خێزانی. هەروەها تا ئێستاش چارەسەری تەواو بۆ حاڵەتەكە نەدۆزراوەتەوە، رێنمایی خۆراك و بەكارهێنانی دەرمان تەنیا بە مەبەستی كۆنترۆلكردنی نیشانەكانە. گرنگترین نیشانەكانی گرژبوونی كۆڵۆن بریتین لە: سكچوون، هەندێك جاریش قەبزی و ئاوسانی سەك Bloating، هەستكردن بە هیلاكی و داهزرانی لەش، سك ئێشە، بوونی خوێن لەگەڵ پیساییدا، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، دابەزینی نەخوازراوی كێشی لەش. بۆ تووشبووان بە گرژبوونی كۆڵۆن دووركەوتنەوە لە ژەمی گەورە لەگەڵ دووركەوتنەوە لەم خۆراكانە سوودی هەیە بۆ سووككردنی نیشانەكان: شوكولاتە، خواردنەوە ئەلكهولیەكان، شلەمەنییە كافائینییەكانی وەكو چای و كاكاو و قاوە، سۆدا، بنێشت، خۆراكی چەور و سووركراوە، شیرینی، شیر،پیاز، نیسك، نۆك، فاسولیا، گۆشتی چەور، خۆراكی تیژ. بەڵام بەگشتی زیاد خواردنەوەی ئاو و مەشقی فیزیكی سوودی زۆری هەیە بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكان.