ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمە روونە كە نەخۆشیی شەكرە كاریگەری خراپی هەیە لەسەر دڵ، گورچیلە، چاو، پێست..تاد. هەروەها بە چەندین رێگا دەبێتە هۆی قژهەڵوەرین، بۆنموونە نەخۆشیی شەكرە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر سستمی سووڕی خوێن لە لەشدا، واتە كەم گەیشتنی ئۆكسجین و ماددەی خۆراكی بە پێستی سەر یان رەگەكانی قژ، ئەمەش هۆكارە بۆ سستبوونی گەشەی قژی نوێ، دەرەنجام ئەگەری تەنكبوونی قژ دێتە پێشەوە. شەكرە هۆكارە بۆ تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان، ئەمەش هاندەرێكی ترە بۆ تەنكبوونی قژ. هەروەها دەرمانەكانی كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن وەكو زیانی لابەلا دەبنە هۆی قژهەڵوەرین. نەخۆشیی شەكرە هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی فشاری ئۆكسان Oxidative stress لە لەشدا كە دەبێتە ئەگەری دروستبوونی ماددەی سەربەستی ناجێگیر كە هۆكارن بۆ هەڵوەرینێكی بەرچاوی قژ. لە لایەكی ترەوە، نەخۆشیی شەكرە سووڕی ئاسایی گەشەی قژ تێكدەدات بەوەی كە بەگشتی هۆكارە بۆ دواكەوتنی چاكبوونەوە و نوێبوونەوەی خانەكانی لەش. لە حاڵەتی ئاساییدا، 5-15%ی قژی سەر لە قۆناغی حەسانەوەدان Telogen، كەچی لە نەخۆشیی شەكرەدا رێژەیەكی بەرزتری قژ لەم قۆناغەدا دەمێننەوە، بەمەشەوە ژمارەی تاڵە قژە وەریوەكان زیاد دەبێت.