ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زانا و پسپۆرانی تەندروستیی دڵ هوشداری دەدەنە تووشبووان بە نەخۆشیی دڵ كە زیاتر ئاگاداری تەندروستییان بن لە مانگەكانی وەرزی زستاندا. لە لێكۆڵینەوەیەكی دەستەی بەریتانی تایبەت بە نەخۆشییەكانی دڵدا British Heart Foundation هاتووە كە نۆرەكانی دڵ لە وەرزی زستاندا مەترسیدارتر و كوشندەترن بە بەراورد لەگەڵ سەرهەڵدانی نۆرەی دڵ لە وەرزی هاویندا. نۆرەی دڵ Heart attack بریتییە لە وەستانی لێشاوی خوێن بۆ ماسوڵكەی دڵ لەبەر گیرانی خوێنبەرێك یان زیاتر لە خوێنبەرەكانی تاجی دڵ(ئەو خوێنبەرانەی خوێن لە شاخوێنبەرەوە دەگەیەننە ماسوڵكەی دڵ). لە گەلێك تووشبوو بە نەخۆشی دڵدا، مانگە ساردەكانی زستان هاندەرن بۆ نۆرەی توندی دڵ كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری وەستانی دڵ Cardiac arrest یان هێدمەی دڵ Cardiogenic shock. پسپۆڕان هۆكارەكە بۆ ئەمە دەگەڕێننەوە كە لەكاتی سەرهەڵدانی نۆری دڵدا لە زستاندا نەخۆش پێویستی بە كاتی زیاتر بۆ چارەسەركردن دەبێت، هەروەها مانەوە یان خەوتن بۆ ماوەیەكی زیاتر لە نەخۆشخانەدا یان دواخستنی چوونە ماڵەوە، هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری هەوكردنەكانی پەیوەست بە زستان بەتایبەتی هەوكردنە بەكتریایی و ڤایرۆسییەكانی كۆئەندامی هەناسە.