ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ئاژانسەکان

ڕاپۆرتە جیهانییەکان نیشانی دەدەن کە مرۆڤایەتی لەوەتەی ساڵی ١٩٧٠ەوە تا ئێستا، بەڕێژەی ٧٠٪ی هەموو ئاژەڵی جیهانی لەجۆری شیردەر، ماسی، باڵندە و گیانەوەرەکانی دیکەی لەناوبردووە. ئەوەش وەک مەترسییەکی گەورە لەسەرسروشت و چارەنووسی نەک ئاژەڵ بەتەنیا، بەڵکو کۆی ژیان لەسەر گۆی زەوی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و وەک بەشێک لە هۆیەکانی تێکچوونی هاوسەنگی زەوی و وەک هەڕەشەیەک لەسەر ژیان دادەنرێت.

ئەو داتایانە لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی سندووقی جیهانی سروشت WWF بەدەست هاتوون کە ٥٩ زانا لەسەرتاسەری جیهان بەشداریان تێدا کردووە. مارک باریت بەڕێوەبەری زانست و پارێزگاریی لە ڕێکخراوەکە ڕای گەیاندووە؛ "ئێمە لە لێواری هەڵدێرێکداین و داهاتووی خەڵک کەوتووەتە مەترسییەوە"، ئەوەش وەک ئاماژەدان بە مەترسییەکانی بەهۆی لەناوبردنی ئاژەڵەوە کەوتوونەتەوە.

هەندێک لە زانایان پێیان وایە، ئەو کارەساتانەی لەسەر دەستی مرۆڤ ڕووبەڕووی ژینگە و سروشت دەکرێتەوە، ئەگەر هەر ئێستا کۆتاییان پێ بێت، ئەوە لەوانەیە پێنج تا حەوت ملیۆن ساڵ پێویست بکات بۆ ئەوەی سروشت جارێکی دیکە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە.

هەروەک مارک باریت دەڵێ؛ "ژیانی سەر ئەم هەسارەیە بەڕوونی دەریدەخات کە چالاکییەکانی مرۆڤ بەڕێژەیەکی نەگونجاو سروشت وێران دەکەن، ئەوەش هەڕەشەیەکە لەسەر ئێستا و نەوەکانی داهاتوو".