ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەزگە یان ستیكەری سەر میوە و هەندێك سەوزە هاوردەكان جگە لە ماركە و شوێنی بەرهەمهێنان مانای چیتر دەگەیەنێت؟ كۆدەكانی سەر میوە، سەوزە، یان كاكڵەكانی گوێز، باوی، كازو، بندق..تاد جگە لە لایەنی بازرگانی، لایەنی تەندروستیش دەگرێتەوە. بەگشتی 3 جۆر كۆدی ژمارەیی شێوەی چاندنی بەرهەمە رووەكییەكان نیشان دەدەن كە لە رووی تەندروستییەوە بایەخی زۆریان هەیە، بۆنموونە كۆدی 4 ژمارەیی كە بە ژمارە 3 یان ژمارە 4 دەستپێدەكات، مانای ئەوەیە كە ئەم بەرهەمە بە شێوەیەكی تەقلیدی Conventional بە بەكارهێنانی پەینی كیمایی و بكوژەكانی مێروو Pesticides بەرهەم هێنراوە كە لەوانەیە لە زەوییەكی كوالیتی خراپ و بێهێز چێنرابێت. كۆدی 5 ژمارەیی كە بە ژمارە 8 دەستپێدەكات، واتە ئەم بەرهەمە بە رێگای مامەڵەی یان گۆڕینی جینی Genetically modified بەرهەم هێنراوە هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی ئاوێتەكانی بكوژی مێروو. كۆدی 5 ژمارەیی كە بە ژمارە 9 دەستپێدەكات، واتە ئەم بەرهەمە ئۆرگانیكە Organic یان تا رادەیەكی زۆر سروشتییانە بەرهەم هێنراوە. پسپۆران بەردەوام جەخت دەكەنەوە كە تا خۆراك سروشتیتیر بێت، هێندە تەندروستی باشتر دەبێت، چونكە ماددەی كیمیایی بكوژی مێروو پەیوەندی بە گرفتی تەندروستییەوە هەیە، بۆنموونە چەند جۆرێكی شێرپەنجە، سەقەتی زگماكی كۆرپە، نەزۆكی، گرفت لە جگەر و گورچیلە، گرفت لە كۆئەندامی دەمار، تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان.