ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەستەرەی دڵCardiac catheterization بریتییە لە دانانی لوولەیەكی باریك بۆ ناو خوێنبەر یان خوێنهێنەرێك لە ران، باسك یان لە ناوچەی ملدا تا دەگاتە ناو دڵ ئینجا بۆ خوێنبەرەكان دەجوولێنرێت و لەكاتی پێویست بۆیە فڕی دەدات بۆ بینینی خوێنبەرەكان بە هۆی تیشكی X ی راستەوخۆ. قەستەرە سوودی هەیە بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی ئەم حاڵەتانە: دەستنیشانكردنی شوێنی گیران یان تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن، وەرگرتنی سامپلی شانەیی Biopsy لە ناوپۆشی دڵ، پێوانەكردنی پەستان و ئاستی ئۆكسجین لەناو دڵ و سییەكاندا، دەستنیشانكردنی گرفت یان كەموكوڕی لە خودی دڵ و زمانەكانی دڵدا، بەكارهێنانی بالۆن بۆ كردنەوەی خوێنبەری گیراو، دانانی (دەعامە Stent) بۆ هێشتنەوەی خوێنبەر بە كراوەیی، داخستنی هەر كونێك لە دڵدا، دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی سەقەتی زگماكی دڵ، گۆڕین یان چاككردنەوەی زمانەكانی دڵ. قەستەرە بەگشتی 30-60 خولەك دەخایەنێت و بە دەگمەن دەبێتە هۆی ئاڵۆزی مەترسیدار كە بریتین لە: خوێنبەربوون، سەرهەڵدانی نۆرەی دڵ یان جەلتەی مێشك، تێكدانی ئەو خوێنبەرەی كە كاسیتەرەكەی گەیشتۆتە ناوی، ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، پەیدابوونی هەستەوەری بەرانبەر بە بۆیەی بەكارهاتوو، گرفت لە گورچیلەكان، هەوكردن، پەیدابوونی تۆپەڵی خوێنی مەییو Blood clot، دڕانی شانەكانی دڵ یان خوێنبەر.