ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئایا زانیوتە كە زیاد خواردنی گۆشتی سوور ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات؟ بە گوێرەی نوێترین لێكۆڵینەوە لە كۆلێژی پزیشكیی هارڤارد، هەفتانە خواردنی بڕی 4 ژەم یان زیاتر گۆشتی سوور ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو تا رێژەی 50% بەرزدەكاتەوە لە ماوەی 4 ساڵی دواییدا. جگە لە گۆشتی سووری فرێش، گۆشتی پرۆسێسكراویش وەكو هۆت دۆگز Hot dogs و باكۆن Bacon هەمان ریسكیان هەیە. ئەمڕۆ نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو لە سەرتاسەری جیهاندا باوە و پەیوەندی هەیە بە قەڵەوی، كەمی چاڵاكیی و مەشقی فیزیكی لەگەڵ خۆراكی ناتەندروست. زیاد خواردنی گۆشتی سوور وانەبێت كە تەنیا ئەگەری نەخۆشیی شەكرە زیاد بكات، بەڵكو هاندەرە بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان و شێرپەنجە. لێكۆڵینەوەكان ئاماژەیان بەمە كردووە كە كەمكردنەوەی خواردنی گۆشت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە تا رێژەی 14% لە ماوەی 10 ساڵدا كەم دەكاتەوە. ئاماژە بەمەش كراوە كە كەمكردنەوەی گۆشت هاوكات لەگەڵ خواردنی شیرەمەنی كەم چەوری و كاكڵی گوێز و باوی و دانەویڵەی تەواو ئەم ئەگەرە تا رێژەی 17-24% كەم دەكاتەوە. بەگشتی وا باشترە كە خۆراكی تر وەكو جێگرەوەی گۆشتی سوور بخرێنە ژەمەكانی رۆژانە بۆنموونە ماسی، پەڵەوڕ، بەرهەمە هەوێنبووەكانی سۆیا، خۆراكی رووەەكی دەوڵەمەند بە پرۆتین وەكو پاقلەمەنییەكان.