ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

فیلمی (پەیکەری دڵ) بۆ یەکەمین جار لە شاری سلێمانی و پاشان هەولێر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و کەسایەتی جیاجیا و ئەکتەرانی فیلمەکە نمایش کرا.

فیلمەکە لە کاری دەرهێنانی لەلایەن (شوان عەتووف)ەوە بۆ کراوە، فیلمێکی ڕۆمانسی و کۆمیدییە، چیڕۆکەکەی باس لە منداڵێک دەکات کە ئارەزووی گۆرانی گوتنی هەیە و لەگەڵ گەورەبوونیدا و چۆنیەتی گەیشتن بە ئارەزووەکەیی و ئەو بەربەستانەی تووشی دێن.

ئەو فیلمە لەڕووی بینەر و فرۆشتنی بلیتی سینەماوە لە هەولێر، کەرکووک و سلێمانی ٢٠ هەزار بلیتی فرۆشرا و بەوەش لە ئاست هەرێمی کوردستان و عێراق لەڕووی بینەرەوە ڕیکۆردی شکاند.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو بەرهەمە ئەوەیە کە لەلایەن ستافێکی هەرێمی کوردستانەوە بەرهەم هێنراوە و هەریەک لە هەڵوێست محەمەد، نزار سەلامی، ڕێشان حەمۆ، نارین ئالان، حەمە عەلی خان، ئەحمەد ڕەووف، ژیان ئیبراهیم و ڕۆژان جەزا وەک ئەکتەر بەشداریان تێدا کردووە.

فیلمەکە لەدوای نمایشکردنییەوە، ڕاستەوخۆ دەنگدانەوەیەکی باشی لەئاست هونەرمەندان و بینەران دروست کرد و زۆر کەس ستایشی بەرهەمەکەیان کردووە و ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە بەراورد بە فیلم و بەرهەمەکانی پێشتری هەرێمی کوردستان لە پلەیەکی بەرزدایە.