ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ژیانی سەردەم، سەرقاڵبوون بە كار و پێویستییەكانی ژیان لە گەلێك كەسدا هۆكارە بۆ كەم نووستن، هەروەها زیاد خواردنەوەی قاوە یان ئەلكهول، رووناكی شینی زیاد بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی وەكو سمارتفۆن و تەلەڤزیۆن. لەوانەیە گەلێك كەس پێیان وابێت كە خەوزڕان یان كەم نووستن تەنیا هۆكارە بۆ هەستكردن بە ماندووبوون و ناڕحەتیی سووك، بەڵام لە راستیدا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری نەخۆشیی دڵ، زیادبوونی كێشی لەش، نەخۆشیی شەكرە، هەروەها لەبیرچوونەوە و گرفتەكانی تری پەیوەست بە یاد. لەدەستدانی خەو یان یان كەم خەوتنی خۆویستانە بۆ هەر مەبەستێك، یان كەم خەوتنی خۆنەویستانە واتە خەوزڕان Insomnia، دەكەونە نێو سنووری حاڵەتی (قەرزی) خەو Sleep dept. ئەگەرچی كەسەكان لە یەكتری جیاوازن، بەڵام بە رای پسپۆڕان نووستن بۆ ماوەی كەمتر لە 6 كاتژمێر لە ماوەی 24 كاتژمێردا كاتی زیاتر دەخاتە سەر قەرزی خەو. گەلێك سەرچاوە پێیان وایە كە ناتوانرێت كەم خەوی قەرەبووبكرێتەوە، كەچی لێكۆڵینەوەكان جەختیات كردۆتەوە كە دەتوانرێت بەشێك لە خەوی ونبوو قەرەبووبكرێتەوە، بەڵام كاتی دەوێت.