ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ژیان پڕە لە ململانێ و خۆشی و ناخۆشی. هەموو شتێك لە ژیاندا كات دەبات كە گەلێك جار دەگەینە كەنار داڕمانی دەروونی كە حاڵەتێكی سەختی دەروونی و جەستەییە، كاتێك كە ناخۆشی یان هەستی نێگەتیڤ دەگاتە ئاستێك كە مرۆڤ توانای دروستی ژیانی رۆژانەی نەمێنێت و فرمانەكان بە دروستی ئەنجام نەدات، واتە گەیشتۆتە حاڵەتی داڕمانی دەروونی Nervous breakdown كە نیشانەكانی بریتین لە: 

• لەدەستدانی تەواوی كۆنترۆل و بالانس، لەگەڵ نەمانی توانا بۆ ئەنجامدانی هیچ فرمان و كارێك بە دروستی، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر كار، هەموو پەیوەندییەكان، تەندروستی...تاد.

• كەمبوونەوەی ئاستی وزەی لەش بۆ نزیك سفر، بۆنموونە فەرامۆشكردنی خواردن، یان زیاد خواردن بەتایبەتی خۆراكی ناتەندروست، زیاد نووستن یان كەم نووستن، گرنگی نەدان بە پاكوخاوێنی و جلوبەرگ، ئەنجام نەدانی جوولە و چاڵاكیی فیزیكی.

• نەمانی هەستكردن بە خۆشی و هەستكردن بە ونبوون لەگەڵ بیركردنەوە لە خۆئەزیەتدان.

• كاردانەوەی خراپی لەش بەرانبەر بە داڕمانی دەروونی كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری پەیدابوونی نەخۆشیی جەستەیی یان سەرهەڵدانی چەند نیشانەیەك وەكو: گرژبوون و ئازاری ماسوڵكە، گرفتەكانی پەیوەست بە خەو، ئاستی بەرزی پەستی، كەمبوونەوە یان زیادبوونی ئارەزووی خواردن، سەرهەڵدانی نۆرەی تۆقین، دڵتوندی و ناجێگیریی مەزاج.