ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

د. عادل حسێن

  سپلیت بەوە ناسراوە كە نزیكەی هەموو شێداری لە هەوای ناو ژوور هەڵدەمژێت، شێداریی پێستیش هەڵدەمژێت بۆیە دەبێتە هۆی وشكبوونی دەموچاو كە ئەگەر بە هۆی زیاد خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی قەرەبوو نەكرێتەوە ئەوا پێست و دوچاری وشكبوون و خورشت و فڕێدانی (تفر Flakes) دەبێت. بەهۆی سپلیت پلەی گەرمیی ژوور تا 18-26 پلەی سێلسیەس دادەبەزێت كە هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی ئاستی ئارەقەكردن لە هەموو لەشدا جگە لە بنكەوش و ناولەپ و بەری پێیەكان، دەرەنجام ماددەی زیانبەخش و پاشەڕۆكان لەناو پێستدا دەمێننەوە، هەروەها ئاستی دروستكردنی چەوری لە پێستدا كەم دەبێتەوە كە دەبێتە ئەگەری زیاتر وشكبوونی پێست. بە كەمبوونەوەی شێداریی پێست و وشكبوون توانای لاستیكیی پێست كەم دەبێتەوە هاوكات لەگەڵ قڵیشان كە دەبێتە بناغە بۆ لۆچبوونی پێست. لە لایەكی ترەوە، جیهێشتنی كتوپڕی ژووری سارد بۆ هەوای گەرمی دەرەوە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر پێست بە شێوەی كەمبوونەوەی توانای نوێبوونەوەی خانەكان. بۆ خۆپاراستن: بڕی زیادی ئاو بخۆرەوە كە رۆژانە لە 2 لیتر كەمتر نەبێت، زیاد خواردنەوەی سەوزە و میوەی جۆراوجۆر، ئاوێتەی شێداركەرەوەی پێست بەكاربێنە، ناوە ناوە پەنجەرەی ژوورەكان بكەرەوە، بەردەوام جامێكی پڕ ئاو لە ژووردا بنێ، ئامێری شێدارەكەرەوەی هەوا Humidifier بەكاربێنە.