ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 د. عادل حسێن

كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی زیاد بەكارهێنانی مۆبایل بۆ زۆربەمان زانراون، بەڵام بەم دواییە پسپۆران گرفتێكی تریان سەلماندووە كە لە ئەنجامی نووسین یان زیاد تێكستكردن Texting بە مۆبایل دوچاری مل و شان و پشت دەبێت. تێكستكردن بە مۆبایل گرفت بۆ سستمی ئێسك و ماسوڵكە لە گەنجەكاندا پەیدا دەكات، حاڵەتەكە لە پزیشكیدا بە دیاردە یان گرفتی مل لە ئەنجامی تێكستكردن Text neck syndrome ناوزەد دەكرێت. لێكۆڵەرانی ئوسترالی جەخت دەكەنەوە كە زیاد تێكستكردن بە مۆبایل لە گەنجەكاندا هۆكارە بۆ گەورەبوونی بەشە ئێسكی پشتەوەی بناغەی كاسەی سەر لە ئەنجامی زیاد چەماندنەوەی پشت و مل لەكاتی تێكستكردندا. چەماندنەوەی سەر بۆ پێشەوە بەردەوام بۆماوەی چەند كاتژمێرێك هاوكات لەگەڵ خڕكردنەوەی شانەكان و كوڕكردنەوەی پشت بۆ پێشەوە گرفت بۆ ماسوڵكەكانی ئەو شوێنانە پەیدادەكات بە شێوەی گرژبوون و فشار لەسەر ماسوڵكە و ژێ و بەستەرەكانی پێشەوە ملدا، لەگەڵ كشان و گورجبوونی ماسوڵكە و ژێ و بەستەرەكانی پشتەوەی ملدا، هەروەها گرژبوونی شانەكان كە ئازار پەیدادەكات. ئەم فشارە نائاساییانەی مل و بەشی سەرەوەی لەش بە تێپەڕبوونی كات گرفت پەیدادەكات كە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت ئەوا گرفتی گەورەتری تەندروستی بۆ دەمارەكان پەیدادەكات، بۆنموونە: ئازاری تیژ لە مل و پشتدا لەبەر گرژبوونی ماسوڵكە، ئازاری تیژ لە هەردوو شانەكاندا كە بۆ قۆڵ و دەستەكانیش بڵاودەبێتەوە، سەرئێشە، هەوكردنی جومگەكانی نێوان بڕبرەكانی مل Spondylitis و گرفت لە بڕبڕەكانی ملدا، گرفت لە راگرتنی هاوسەنگی و ئاراستەی ملدا.