ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 لە لێكۆڵینەوەیەكی ئەمەریكیدا هاتووە كە دوكەڵی نێرگلە Hookah زیاتر لە دوكەڵی جگەرەی ئاسایی و جگەرەی ئەلیكترۆنی ماددەی ژەهراوی و كیمیایی زیانبەخش لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە ماددەی نیكۆتین كە هۆكارە بۆ راهاتن لەسەر تووتن یان جگەرەكێشان. جەخت لەمەش كراوەتەوە كە كێشانی نێرگلە لە هەموو جۆرەكان و رێگاكانی تری كێشانی تووتن زیانبەخشترە. دوكەڵی نێرگلە كە راستەوخۆ هەڵدەمژرێت ئاوێتە كاربۆلینەكان Carbonyls و بێنزین Benzene لەخۆدەگرێت كە ماددەیەكی شێرپەنجەییە. لەبەر هەڵمژینی قەبارەیەكی زۆری دوكەڵ لەگەڵ هەر هەڵكێشانێكی نێرگلەدا، رێژەیەكی زیاتری ماددەی كیمیایی دەگەنە لەش، بۆنموونە رێژەیەی بەرز لە گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە سووتانی رەژووی نێرگلە سەرچاوە دەگرێت كە بە مەبەستی گەرمكردنی تووتن و چەند ماددەیەكی تری ناو نێرگلە بەكاردێت، ئەمەش گەلێك جار دەبێتە هۆی پەیدابوونی گازی ژەهراویی تر. لە لایەكی ترە، بوونی تەنۆلكەی ورد كە تیرەكەیان لە 100 نانۆمەتر بچووكترە لەناو دوكەڵی نێرگلەدا بە رێژەیەكی بەرز دەستنیشان كراون بەتایبەتی لە 10 خولەكی سەرەتای كێشانی نێرگلەدا. بە پێی توێژینەوەكان، ئەم تەنۆلكە وردانە ریسكی تەندروستیی بەرچاویان هەیە چونكە دەگەنە بەشە هەرە قووڵەكانی سییەكان، ئینجا بۆ ناو خوێن و پاشان بەربەستی خوێنیی مێشك BBB دەبڕن و دەگەنە هەموو شانەكای مێشك.