ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە لێكۆڵینەوە نوێیەكاندا هاتووە كە نزیكەی 25%ی تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری 2 بە نیشانان ئاشنا نین یان فەرامۆشیان دەكەن، بەڵام لە راستیدا بوونی ئەم نیشانانەی خوارەوە واتە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە كە بریتین لە: هەستكردنی بەردەوام بە ماندووبوون، هەستكردن بە تەزین یان هەستی نامۆ لە دەست و قاچەكاندا لەبەر هەوكردنی دەمارەكان Neuropathy كە لە زیاتر لە نیوەی تووشبوواندا روودەدات، درەنگ چاكبوونەوەی برینەكان لەبەر لاوازبوونی سستمی بەرگریی لەش، زیاد میزكردن، زیاد هەستكردن بە برسیبوون و تێنووبوون لەبەر كەمبوونەوەی ئاو لە لەشدا، ناڕوونیی بینین Blurred vision لەبەر كاریگەریی نەرێنی نەخۆشیی شەكرە لەسەر تۆڕەی چاودا بە شێوەی تێكچوونی بۆڕییەكانی خوێن لە پشتەوەی چاودا، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنە كەڕووییەكان لە كۆئەندامی زاوزێ و نێوان پەنجەی دەست و پێیەكاندا، تاریكبوونی پێست Acanthosis nigricans لە چەند بەشێكی لەشدا بەتایبەتی بن كەوشەكان، لای پشتەوەی مل، یان ناوگەڵ كە بە نیشانەیەكی زوو و باوی بوونی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین دادەنرێت، هەروەها كەمبوونەوەی كێشی لەش لەبەر بوونی بەرگریی خانەكان بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین كە هانی چوونەژوورەوەی شەكری گلوكۆز دەدات بۆ ناو هەموو خانەكانی لەش، واتە خانەكان شەكر لە خوێنەوە بە دروستی وەرناگرن دەرەنجام لەش چەوری دەسووتێنێت بۆ وەدەستهێنانی وزە، بەمەشەوە كێشی لەش بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت كە دەگاتە 5-10%ی كێشی لەش لە ماوەی 6 مانگدا.