ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەستنی زمان Tongue biting لەكاتی خواردندا حاڵەتێكی باوە و زیاتر لەكاتی خواردنی خۆراك یان شلەمەنی زۆر سارد یان زۆر گەرم، یان خواردن بە پەلە روودەدات. گەستنی زمان لە چەند حاڵەتێكی تریشدا روودەدات، بۆنموونە پاش سڕكردنی ددان لە لایەن دكتۆری ددان، لەكاتی خەودا، لەكاتی سترێسدا، لەكاتی نۆرەی فێ لە تووشبووان بە پەركەمدا، لەكاتی زەبر یان كەوتندا، لەكاتی ئەنجامدانی وەرزش یان مەشقی فیزیكی. ماوەی چاكبوونەوەی برینی گەستنی زمان بەندە بە سەختی برینەكە، بۆنموونە برینی سادە لە ماوەی ئەوپەڕی هەفتەیەكدا لەخۆیەوە چاكدەبێتەوە، بەڵام برینی سەخت پێویستی بە چارەسەری پزیشكی دەبێت و لەوانەیە كەپێویست بە دوورینەوەی برینی زمان بكات، بۆیە چەند هەفتەیەك یان هەتا چەند مانگێكی دەوێت تاكو بەتەواوی چاكدەبێتەوە. گەستنی زمان لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەربوون كە هاوكاتە لەگەڵ ئازاری توند، ئاوسان، سووربوونەوە یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش. چارەسەر لە ماڵەوە بەم شێوەیەیە: فشاردانی برینەكە بە پارچە قوماشێكی پاك یان (گۆزی پزیشكی) مەبەستی وەستاندی خوێنبەربوون، دەتوانیت گیراوەی خوێ پاش هەر ژەمێكی خواردن وەكو غەرغەرە بەكاربێنیت، ئەگەر برینكە گەورە بوو یان خوێنبەربوون نەوەستا ئەوكاتەپیویست بە سەردانی دكتۆر دەكات.