ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەمەی روونكردۆتەوە كە پێویستە لەسەر چەند وڵاتێك كە تا ساڵی 2025 بەكارهێنانی خوێ تا 30% كەم بكەنەوە، ئەمەش بە هاوكاری حكومەتەكان و پیشەسازیی خۆراك بۆ كەمكردنەوەی خوێ لە خۆراكی پرۆسێسكراودا دێتە دی. دەستەی جیهانیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و چەند رێكخراوێكی تری تەندروستی پێیان باشە كە ئاگاداری سوپەرماركێت و رێستورانتەكان بكرێتەوە كە هاوشێوەی جگەرە، مەترسیی تەندروستی لەسەر خوێدانەكان بنووسرێتەوە. خۆراكی ناتەندروست هۆكارە بۆ وەرگرتنی بڕی زیادی خوێ و گرفتی تەندروستی بەتایبەتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە بە گەورەترین هۆكاری مردنی پێشوەختە بەهۆی نەخۆشیی دڵ یان جەلتەی مێشك Stroke هەژماردەكرێت. ئەگەرچی بڕی سۆدیۆم یان خوێ لەسەر نووسراوەكانی خۆراكە دەستكرد و پرۆسێسكراوەكاندا دیاركراوە، بەڵام ئاگاداركردنەوەی بە بڕی زیادی خوێ و مەترسیی تەندروستی لەسەر نەنووسراوە. لەوانەیە كە زۆر كەس درك بەمە نەكەن كە هۆكاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان بۆ وەرگرتنی بڕی زیادی خوێ لە خۆراك دەگەڕێتەوە.پسپۆڕان پێیان باشە كە لەسەر خوێدان و خۆراكی قوتووبەند و پرۆسێسكراو و مێنیوی رێستوانتەكاندا بنووسرێت (بڕی زیادی خوێ هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و شێرپەنجەی گەدە).