ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رەبو Asthma نەخۆشییەكی درێژخایەنی بۆڕییەكانی هەناسەیە كە هەناسە قوڕس دەكات، هەروەها هەوكردنی رێڕەوەكانی هەناسە كە هۆكارە بۆ تەسكبوونەوەیەكی كاتی ئەم رێڕەوانە كە ئۆكسجین دەگەیەننە سییەكان، دەرنجام نەخۆشی دوچاری چەند نیشانەیەك دەبێت وەكو: كۆكە، ویزە(دەنگی هەناسە Wheezing)، هەناسەتەنگی، هەستكردن بە توندبوونی سینگ Tightness. پسپۆران ئامۆژگاری نەخۆشانی رەبو دەكەن كە لە وەرزی زستاندا دەم و لووتیان بە ملپێچ (لەفاحە Scarf) داپۆشن، چونكە ئەمە سەلمێنراوە كە هەڵمژینی هەوای سارد ئەگەری نۆرەیەكی توندی رەبو زیاد دەكات، بۆیە لەوانەیە كە تەنیا بە داپۆشینی دەم و لووت ژیانی تووشبوو لە مەترسی بپارێزرێت بەتایبەتی كە هەوا پێش هەڵمژین گەرم دەبێتەوە. چوونە دەرەوە لە رۆژێكی زستانی سارد و هەڵمژینی هەوای سارد مەترسی گەورەی بۆ تەندروستی تووشبووان بە رەبو هەیە. داپۆشینی دەم و لووت ئەگەرچی كارێكی زۆر ئاسانە، بەڵام سوودی زۆری بۆ نەخۆشانی رەبو هەیە. ئەمەش روونكراوەتەوە كە تەنیا ماوەی نێوان ماڵ و گەیشتن بە ئۆتۆمبیل لەكاتی بەیانییەكی ساردی زستان لەوانەیە كە وروژێنەر بێت بۆ نۆرەیەكی مەترسیداری رەبو لە تووشبوواندا. ئەمە سەلمێنراوە كە هەر نۆرەیەكی رەبو مەترسی بۆ ژیان هەیە بەتایبەتی لە حاڵەتە سەختەكاندا.