ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەگشتی ئازاری سینگ هۆكاری نیگەرانییە بەتایبەتی لە پیاواندا لەبەر ترس لە تووشبوون بە نەخۆشی دڵ. دیواری سینگ پێكهاتووە لە پێست، ئەندامەكانی چینی ژێرەوەی پێست، چەوری، ماسوڵكە، ئێسك، ئینجا ئەندامەكانی ناوەوەی پشت دیواری سینگ كە بریتین لە سوورێنچك، گەدە، كیسی زراو، سییەكان، لەگەڵ دڵ و بۆڕییەكانی خوێن. جگە لە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ، بوونی نەخۆشی لە هەر بەشێكدا لەوانەیە كە ببێتە هۆی ئازاری سینگ وەكو: هەوكردنی شانەی سییەكان Pneumonia، هەوكردنی ڤایرۆسی پەردەی دەوری سییەكان، گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك GERD، هەوكردنی كڕكڕاگەی نێوان پەراسووەكان و ئێسكی ناوەڕاستی سینگ Costochondritis، پەستی یان تۆقین، هەوكردنی پەردەی دەوری دڵ، كۆبوونەوەی شلە لە پەردەی دەوری دڵدا، دڕانی چینی ناوەوەی شاخوێنبەر، تەسكبوونەوەی زمانەی شاخوێنبەر، كۆبوونەوەی هەوا لە نێوان دیواری سینگ و سییەكان Pneumothorax كە دەبێتە هۆی پوكانەوەی سییەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی ناو خوصنبەرەكانی سییەكان، هەوكردنی گەدە، كولبوونی گەدە یان دوازدەگرێ، هەوكردنی تیژی كیسی زراو، گرژبوونی سوورێنچك، هەوكردنی پەنكریاس. ئەمە ئاشكرایە كە ئازاری سینگ نیشانەیەكی زەقی نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵە كە بەگشتی بە نەخۆشی دڵ ناوزەد دەكرێت. ئازاری سینگ لەبەر نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ چەند سیفەتێكی تایبەتی هەیە، بۆ نموونە ئازارەكە زۆر سەخت و دژوارە و لە ناوەڕاستی سینگدا هەستی پێدەكرێت، لەوانەشە كە بۆ بەشەكانی تری لای سەرەوەی لەشدا بەتایبەتی قۆڵ یان ناوچەی پشت یان بۆ مل و شەویلاك و ناوچەی گەدە بڵاوبێتەوە.