ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆربەی جۆرەكانی بۆیەی نینۆك Nail Polish بە بڕی جیاواز ماددەی ژەهراوی یان زیانبەخش لەخۆدەرگرن. هەندێك لەو ماددانە دەبنە هۆی شێرپەنجە وەكو فۆرمەلدیهاد، هەندێكی تر دەبنە هۆی تێكدانی سستم و هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان. تۆلین Toulene، فۆرمەلدیهاید Formaldehyde، لەگەڵ دایبیوتیل فتالەیت Dibutyl phthalate مەترسیدارترین سێ ماددەی ژەهراویین كە لە زۆربەی جۆرەكانی بۆیەی نینۆكدا بە رێژەی جیاواز هەن و بوونەتە جێگای باس و گرنگی پێدان بەتایبەتی لەلایەن كارمەندانی سالۆن و ئارایشگاكان. تۆلین كە شلەیەكی بێ ڕەنگە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر كۆئەندامی دەمار بە شێوەی سەرئێشە، سەرسووڕان، هەستكردن بە ماندووبوون، لەگەڵ ئەگەری گرفت لە جگەر و گورچیلەدا. فۆرمەلدیهاید ماددەیەكی شێرپەنجەییەپاش هەڵمژینی هەڵمەكەی دەبێتە ئەگەری كۆكە، سووتانەوەی قوڕگ لەگەڵ ویزە لە سینگ لەكاتی هەناسەدا، هەروەها بە بەركەوتنی راستەوخۆ بەپێست دەبێتە هۆی سووربوونەوە و خورشت. دایبوتیل فتالەیت كاریگەری نێگەتیڤی هەیە بۆ سستمی زاوزێ. بۆیەی نینۆك جگە لەمانە، ماددەی زیانبەخشی تریش لەخۆدەگرێت. ئەو كەسانەی كە لە ساڵۆن و ئارایشگاكاندا كار دەكەن زیاتر رووبەڕووی ئەم ماددانە دەبنەوە بەتایبەتی ئەگەر دەمامك (ماسك) بەكارنەهێنن، هەروەها نەبوونی هەواگۆڕی دروست لە سالۆن و ئارایشگاكان هۆكارە بۆ قەتیسبوونی ئەم ماددانەی كە لە بۆیەی نینۆكەوە دەگەنە هەوا و پاشان راستەوخۆ بەر پێست دەكەون یان لەگەڵ هەناسەدا هەڵمدەمژرێن، لێرەدا كارمەندەكان زیاترین زیانیان بەردەكەوێت كە زۆرترین كات لەناو ساڵۆنەكاندا بەسەر دەبەن.