ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پسپۆران جەخت دەكەنەوە كە بەكارهێنانی سپرتۆ یان گیراوەی ئەلكهولی چڕ هەروەها پیرۆكسیدی هایدرۆجین Hydrogen peroxide (كە بە ئۆكسجین ناسراوە) بۆ پاككردنەوەی برین زیانی لە سوودی زیاترە. ئەگەرچی سپرتۆ یان ئەلكهولی چڕ رێگا لە چاڵاكیی بەكتریا دەگرێت لە شوێنی بریندا، بەڵام لەوانەیە كە ببێتە هۆی سووتاندنی خانەكانی پێست. هەروەها ماڵین یان شووشتنی برین بە سپرتۆ خانەكانی پێست تێكدەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازار، ئاوسان، سووتانەوە، هەروەها خورشت لە شوێنی بریندا. ئاماژە بەمەش كراوە كە بەكارهێنانی سپرتۆ بۆ پاككردنەوەی برین جگە لەوەی كە زیان بە خانەكان دەگەیەنێت، كرداری چاكبوونەوەی برینیش دوادەخات. بە هەمان شێوە بەكارهێنانی گیراوەی پیرۆكسیدی هایدرۆجین بۆ برین هەرگیز رێنمایی ناكرێت چونكە هەمان زیانەكانی سپرتۆی هەیە ئەگەرچی هێشتا لە گەلێك شویندا بۆ پاككردنەوەی برینی سووك بەكادەهێنرێت. سپرتۆ بە شێوەیەكی سەرەكی بەكاردێت بۆ پاككردنەوەی پێست لە شوێنی لێدانی دەرزی. واباشە كە برین بە بڕێكی زۆر ئاو بشۆرێت، دەتوانی سابونی دژەبەكتریا بەكاربێنیت یان هەتا سابونی ئاسایی پاشان شوێنی برینەكە بە بڕێكی ئاو بشۆ بۆ نەهێشتنی هیچ ئاسەوارێكی سابون، پاشان برینەكە بە باندێج یان هەر پارچە قوماشێكی پاك بپێچە هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی مەرهەمی دژەبەكتریا. برینی قووڵ و گەورە پێویستی بە سەردانی نەخۆشخانە هەیە.