ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەكر لە پزیشكیدا ناوبانگێكی خراپی هەیە، بۆنموونە زۆر جار بە ژەهری سپی، دوژمنی دڵ، دوژمنی ددان، یان كالۆری بەتاڵ ناوزەد دەكرێت. بە گوێرەی رێنماییەكانی كۆمەڵەی ئەمەریكیی نەخۆشیەكانی دڵAHA پێویستە كە بڕی رۆژانەی خواردنی شەكر بەم شێوەیە بێت: بۆ ئافرەت رۆژانە 5 كەوچكی كوپ كە دەكاتە 20 گرام، بۆ پیاو 9 كەوچكی كوپ كە دەكاتە 36 گرام، بۆ منداڵیش بەگشتی 3 كەوچكی كوپ كە دەكاتە 12 گرام رۆژانە لەوكاتەی كە هەر كەوچكێكی كوپ 4 گرام شەكر دەگرێت. بەگشتی واباشترە كە بڕی وزەی وەرگیراو لە شەكر بۆ هەر تەمەنێك رۆژانە لە 100-200 كالۆری زیاتر نەبێت لەوكاتەی كە هەر كەوچكێكی كوپ شەكر 16 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت. شەكرە زیادەكان Added sugars كە باوترینیان بریتین لە شەكری سپی ئاسایی (سوكرۆز Sucrose) و فركتۆز Fructose بە خراپترین پێكهاتەی خۆراكی سەردەم هەژمار دەكرێن چونكە تەنیا وزە دەبەخشن بێ هیچ ماددەیەكی خۆراكی گرنگ، بۆیە كاریگەریی نێگەتیڤی درێژخایەن دەكەنە سەر میتابۆلیزمی لەش و هۆكارن بۆ زیادبوونی كێشی لەش و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ. بەگشتی ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرزی شەكرە زیادەكان لەخۆدەگرن بریتین لە: كیتچەپ، شیرەی دەستكردی میوە، سپۆرت درینك، خواردنەوە گازدارەكان، خواردنەوە وزەبەخشەكان، قەنادی.