ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ماڵپەڕی بی بی سی، میوە و سەوزەی فرێش، هەمیشە کانزا و ڤیتامینی زیاتریان تێدایە تاوەکو میوە و سەوزەی ناو قوتو و بەستوو، بەڵام ئەمە هەموو باسەکە نییە.

فاتیمە هاشم، بەرپرسی باڵای خواردن و کشتووکاڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، باشترین کات بۆ خواردنی میوە و سەوزە، ئەو کاتەیە کە لێیان دەکەیتەوە، چونکە بەهۆی کوڵان و هەندێک پرۆسەی دیکە بەها خۆراکییەکانیان لەدەست دەدەن.

دەشڵێت، ئەو خۆراکانەی (ڤیتامین سی)یان تێدایە، هەستیارن بۆ گەرما و رووناکی و زووتر رێژەیەک لە بەها خۆراکییەکەیان لەدەست دەدەن.

بۆ نموونە، سپیناخ ئەگەر ماوەی حەوت رۆژ لە 20 پلەی سیلیزی بمێنێتەوە، 100%ـی ئەو بڕە (ڤیتامین سی)ـیەی تێیدایە لەدەستی دەدات، بەڵام ئەگەر لە ساردکەرەوە هەڵبگیرێت، 75% ڤیتامین سییەکەی لەدەست دەدات. کەچی گێزەر ئەگەر بۆ هەمان ماوە لە 20 پلەی سیلیزی بپارێزرێت، تەنها 27% ڤیتامین سییەکەی لەدەست دەدات.

ئەمەش بەهۆی ئەوەی، سپیناخ تەنکترە، تیشک و رووناکی کاریگەری زیاتری لەسەر دروست دەکەن، بەڵام گێزەر بەوجۆرە نییە.

بەشێوەیەکی گشتی، میوە و سەوزەی بەستوو کەمتر بەها خۆراکییەکانیان بە بەروارد بە خواردنی قوتوو لەدەست دەدەن، بەڵام ئەمانیش بەهۆی ئەوەی بە چەند پرۆسەیەکدا دەڕۆن، بەشێک لە بەها خۆراکییەکانیان لەدەست دەدەن.

لەگەڵ ئەوەش، جۆری خواردنەکە گۆڕانکاریی دروست دەکات. هەندێک خۆراک کاتێک دەکرێتە ناو قوتوو، بەها خۆراکییەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو لەدەست نادەن، بە تایبەت ئەو خۆراکەنەی ڤیتامین ئەی و ئی و چەند کانزاییەکی دیکەیان تێدایە.

جیاوازییەکی دیکەی نێوان خواردنی بەستوو و خواردنی قوتوو ئەوەیە، لەو خواردنانەی لە قوتوو دەنرێت، خوێ و شەکریان تێ دەکرێت، بەڵام لە خواردنە بەستووەکان، ئەم کارە ناکرێت. لەگەڵ ئەوەش، خواردنی قوتوو سوودێکی هەیە، کە خواردنە بەستووەکان نییانە، ئەوەیش ئەوەیە، ئەوان بە پرۆسەی بنبڕکردنی میکرۆبدا تێپەڕدەبن، واتە هەموو زیندەچە زیانبەخشەکانی ناویان دەمرن.