ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

توێژینەوەیەكی نوێ كە لەلایەن زانكۆی كالیفۆرنیا لە ئەمریكا ئەنجامدراوە دەریخستووە، ئەوانەی گەنجن و جگەرەدەكێشن ئەگەری تووشبوونیان بە حاڵەتە سەرسەختەكانی كۆرۆنا زیاترە.

د. شارۆن چێكیژیان، پزیشك و یەكێك لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەكە دەڵێت، "لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دەگوترا بەساڵاچووان لە مەترسییدان، بەڵام ئێستا فاكتەری دیكە هەن كە جێگەی مەترسیین، لە هەموویان بەهێزتر جگەرەكێشانە."

توێژینەوەكە لەسەر هەشت هەزار كەس لە تەمەنی 18-25 ساڵ ئەنجامدراوە، سەرەنجام پزیشكان بۆیان دەركەوتووە، ئەوانەی قەڵەون، نەخۆشیی شەكرەیان هەیە یان جگەرەدەكێشن لە مەترسییەكی زیاتری تووشبوونن بە حاڵەتە توندەكانی كۆرۆنا.

پزیشكانی زانكۆ ئەمریكییەكە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی یەك لە هەر سێ جگەرەكێش لەو وڵاتە لە مەترسییدان بۆ ئەوەی بە توندی نەخۆشییەكە بگرن و لە نەخۆشخانە بخەوێندرێن، پزیشكەكان روونیشیدەكەنەوە، جگەرەكێشان فاكتەرێكی زۆر مەترسیدارترە بەراورد بە قەڵەوی یان رەبۆ، واتە ئەگەر كەسێك جگەرەكێش بێت مەترسییەكە لەسەری زۆر زیاترە بەراورد بە كەسێك كە قەڵەوبێت یان نەخۆشیی درێژخایەنی هەبێت.

هۆكاری ئەوەشی كە جگەرەكێشەكان لە مەترسییەكی زیاتردان ئەوەیە كە سییەكانیان بەهۆی جگەرەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە، بۆیە پزیشكانی زانكۆی كالیفۆرنیا داوادەكەن جگەرەكێشەكان واز لە جگەرەبهێنن، چونكە ئێستا باشترین دەرفەتە.