ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەرچەندە گرینگە بزانین زیادەڕەوی مەترسیدارە، تیشكی خۆر سودی تەندروستی و سەلامەتیی چاكی سەلماندوە، كەواتە خۆت بدە بەر ئەو تیشكانە.

هیچ شتێك وەك هەستكردن بە گەرمیی خۆر نییە لەسەر پشتت بۆ ئەوەی جەستە و ڕۆحت چالاك بكاتەوە، كاتێك خۆر دەدرەوشێتەوە، میزاجت دەكرێتەوە، گڕوتین و هەستی ئەرێنیت زیاتر دەبێت، بۆ دڵگەرمیی هەمومان چەند گرنگ دەبو لە ماوەی ئەم چەند مانگەی كەرەنتینەدا، بمانتوانیبا بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بچینە دەرەوە و لەبەر تیشكی خۆردا وەرزش بكەین؟

بۆماوەی دەیان ساڵە پێمان گوتراوە خۆمان بپۆشین، دژەخۆر لە خۆمان بدەین و لە خۆر دور بكەوینەوە بەهۆی مەترسییەكانی شێرپەنجەی پێست و پیربونی پێشوەختە، بەڵام توێژینەوەی زانستی دەریدەخات كە لە راستیدا ڕۆژانە بڕێكی كەمی تیشكی هەتاو دەكرێت بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر یارمەتیی لەشساغیت بدات، سودی سەرسوڕهێنەری هەیە.

ڤیتامینی تیشكی خۆر

تیشكی خۆر سەرچاوەی سەرەكیی ڤیتامین Dە بۆ لەش، كاتێك پێست بەر تیشكی سەرو بنەوشەیی Bی خۆر دەكەوێت، هانی جەستە دەدات بۆ بەرهەمهێنانی ڤیتامینی سروشتی كە بۆ هەڵمژینی كالیسیۆم، پاراستنی ئێسكی بەهێز، پاڵپشتی كردنی كۆئەندامێكی بەرگریی تەندروست و رێكخستنی ئاستی ئەنسۆلین زۆر گرنگە، هەروەها پێشنیاركراوە كە رەنگە ڤیتامین D رێگربێت لە چەندین نەخۆشی مەترسیداری وەكو شەكرەی جۆری 2، نەخۆشیی دڵ، ئازاری جومگە، هەوكردنی جومگە، مێشك تێكچون و نەخۆشی دژە خۆیی بدات.

سودە میزاج خۆشكەرەكان

ئەمە تەنها رێكەوت نییە كاتێك لە دەرەوە لەبەر تیشكی خۆرداین وامان لێدەكات لە میزاجێكی چاكتردا بین، بەركەوتنی تیشكی هەتاو لە رێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی سیرۆتۆنین _ماددەیەك كیمیاییە لە مێشكدا وامان لێدەكات زیاتر هەست بە ئارامی، دڵخۆشی و ئاسودەیی بكەین. بەبێ تیشكی خۆری پێویست، دەكرێت ئاستی سیرۆتۆنینت بێتە خوارەوە، بەمەش مەترسی توشبونمان بە ناڕێكی كاریگەری وەرزی زیاتر دەبێت، كە جۆرێكە لە خەمۆكی كە بەهۆی گۆڕانی وەرزییەوە رودەدات، بە تایبەتی لە مانگەكانی زستاندا كاتێك ڕۆژ تاریكتر و كورتترە، وا یر لە چونە دەر و تیشكی خۆر بكەرەوە وەك ڕێگایەك بۆ كۆكردنەوەی هەستە خۆشەكانت بۆ ئەو ڕۆژە هەوراوییانەی لە ڕێدان.

خەوێكی چاكتر

تیشك خۆر بۆ كوالێتی خەو گرینگە، یارمەتیی رێكخستنی شێوازی نوستنمان دەدات لە رێگەی پاراستنی ریتمی كاتژمێری بایۆلۆجی، كە كاتژمێرێكی 24 كاتژمێری ناوەكییە، ناسراوە بە سوڕی نوستن و لەخەو هەڵسان، مرۆڤەكان پەرەیان بەم سوڕە 24 كاتژمێرییە داوە بە ڕێكخستنی لەگەڵ ئەو روناكییەی دەگاتە زەوی، كاتێك خۆر هەڵدێت بەخەبەر دێین و هەست بە وریایی دەكەین و كاتێك شەو دنیا تاریك دادێت هەست بە خەواڵویی دەكەین و بۆ خەوتن ئامادە دەبین، دوای ئەوەی لە ماوەی رۆژەكەدا لە دەرەوە بویت، ئەوا جەستەت كارامەتر دەبێت لە ناسینەوەی ئەو كاتەی لە ئێواراندا تاریك دادێت.

ئۆلیڤیا هێمینگوەی، ئامۆژگاریكەری خۆراكی باس لەوە دەكات كە، "چەند زیاتر تیشك خۆرت بەر بكەوێت، جەستە لە شەودا میلاتۆنینی زیاتر بەرهەم دێنێت، كە ناسراوە بە هۆرمۆنی خەوتن لەلایەن مێشكەوە بەرهەم دەهێنرێت تاكو یارمەتیی جەستەت بدات بۆ خەوتن"، مسۆگەركردنی ئاستی ڤیتامین D لە ڕێگەی بەركەوتنی سەلامەتی تیشكی خۆر و سیستەمی خۆراكیش بە هەمان شێوە بۆ نوستنی چاكتر پێویستە. مایك وەیكمان، دەرمانسازی كلینیكی، دەڵێت، "توێژینەوە كلینیكییەكان دەریدەخەن ئاست نزمی ڤیتامین D بەستراوەتەوە بە خەوتنی كوالێتی نزم و ماوە كورت."