ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

باریكترین خانوو لە لەندەن كە پانییەكەی تەنها یەك مەتر و نیوە، درێژییەكەی نزیكەی حەوت مەترە، یەكێكە لە گرانبەهاترین خانووەكانی بەریتانیا.

ساڵی 2009، ئەو خانووە بە 595 هەزار پاوەند فرۆشرا بە پارێزەرێك، ئێستا ئەو پارێزەرە خانووەكە دەفرۆشێت و نرخی یەك ملیۆن پاوەندی لەسەر داناوە. ئەو خانووە هەمان نرخی كۆشكێكی سەدەی 16ـەیە لە وێڵز.

سیمۆن واڵەر، خاوەنی نووسینگەی فرۆشتنی خانوو بە ماڵپەڕی سەنی بەریتانی گوتووە، بچووكترین خانوو لە لەندەن ئەم خانوەیە، لەگەڵ ئەوەش نرخەكەی زۆرە

خانووەكە لە سێ نهۆم پێكهاتووە، دەكەوێتە ناوچەی شێفێرد بوش لە رۆژئاوای لەندەن كە ناوچەیەكی جەنجاڵە و لە سەنتەری شار نزیكە.

ئەم خانووە بووەتە نموونەیەك لە بەرزی نرخی خانوو لە ناو لەندەن، چونكە بە هەمان پارەی ئەم خانووە، دەكرێت لە بەریتانیا ڤێلا و كۆشكی گەورە بكڕیت.

لە ناوچەی كێنت، دەكرێت بەو پارەیە خانوویەكی گەورە بە بوونی مەلەوانگە و گەراج و باخچە بكڕدرێت، بەڵام لەندەن وەك پایتەخت و شوێنێكی گرنگی بازرگانی، نرخی خانووەكانی گرانە، جیا لەمانەش، ئەم خانووە مێژوویەكی دێرینی هەیە و بووەتە یەكێك لە خانووە ناسراوەكانی بەریتانیا.