ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێكەوتی 2017/02/12 كتێبخانه‌ی كوردی له‌شاری ستۆكهۆڵم هه‌ڵسا به‌گێڕانی سیمینارێك بۆ خانمی‌ پزیشك (د. نه‌مام غه‌فوری) سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان كه‌ پشتگوێ خراوون و زۆر به‌كه‌می هاریكاری ده‌كرێن.هەروا نه‌هامه‌تییه‌كانیان له‌ فیلمێكی دیكۆمێنتاریدا به‌ناوی(درێژترین ڕێگا (The Longest Road)نمایش دەكرێت .

ئەم فیلمە ڕۆژی 2017/02/15 له‌ ستۆكهۆڵم و 2017/02/18 له‌ له‌نده‌ن،پیشان دەدرێت شایه‌نی باسه‌ داهاتی ئه‌و فیلمه‌ هه‌مووی ته‌رخان ده‌كرێت بۆ دروستكردنی قوتابخانه‌یه‌ك له‌ (شه‌ره‌فه‌دین \ كوردستان ) بۆ مناڵه‌ ئێزیدییه‌كان. 

خانمی پزیشك نه‌مام غه‌فوری له‌ ئاواره‌ییدا له‌ ئه‌شكه‌وتی چناران له‌ ناوچه‌ی كۆیه‌ له‌دایك بووه‌ ، له‌ سوید كۆلێژی پزیشكی ته‌واوكردووه‌، له‌ به‌ڕازیل ،ئه‌مریكا، كه‌ندا و به‌ریتانیا په‌ره‌ی به‌ خوێندن له‌بواری پزیشكیدا داوه‌. ، به‌مه‌به‌ستی هاوكاری په‌نابه‌ران له‌ گه‌ڵ چه‌ند پزیشكێكی كورد كه‌ نیشته‌جێی ووڵاتی( سوید) ن، له‌ ساڵی 2014 وه‌ به‌خۆبه‌خشی له‌كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كانی شه‌نگال و كۆبانی كارده‌كه‌ن، له‌ ڕێكخراوی خێرخوازی به‌ناوی (Joint Help for Kurdistan).

ئه‌م خانمه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ پیرانی ئێزیدی داوای دروستكردنی قوتابخانه‌یه‌كیان له‌ ڕێكخراوه‌كه‌یان كردووه‌ هه‌تا منداله‌كانیان فێری خوێنده‌واری ببن پاش ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ زۆربه‌ی كچه‌ ئێزیدییه‌ ڕزگاركراوه‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ توانیویانه‌ له‌ ڕێگای كورته‌نامه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌نگیان به‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان بگات وببێته‌ هۆكارێك بۆ ئازادبوونیان له‌ده‌ستی دڕنده‌كانی داعش، هه‌روه‌ها بۆ باشتركردنی باری ده‌روونی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌له‌ده‌ستی داعش ڕزگاریان بووه‌ كه‌ چه‌نده‌هایان مێشكیان شۆردراوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت زمانی دایكیان له‌بیركردووه‌ كه‌ قسه‌ی پێبكه‌ن.

تیرۆریستان (شه‌ره‌فه‌دین) به‌ كوشنده‌ترین په‌رستگای ئێزیدییه‌كان داده‌نێن كه‌ نه‌یان توانیووه‌ داگیری بكه‌ن ، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و شوێنه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌ كه‌ خوێندنگه‌كه‌ی لێدروستبكرێت.

شایه‌نی باسه‌ ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كه‌یان یه‌كه‌م كار كه‌له‌ یه‌كێك له‌كه‌مپه‌كان پێی هه‌ڵستان بریتی بووه‌ له‌ دروستكردنی نانه‌واخانه‌یه‌ك و دابینكردنی نان بۆ په‌نابه‌ران به‌خۆڕایی، جگه‌ له‌ كاری پزیشكی و چه‌ندین كاری تر به‌مه‌به‌ستی ئاسانكاری له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی په‌نابه‌ران.

ئه‌م خۆبه‌خشانه‌ ئامانجی هه‌نووكه‌یی یان كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و فیلمه‌وه‌ كه‌ بتوانرێت له‌زۆرترین وولاتان نمایش بكرێت و هه‌موو داهاته‌كه‌شی به‌ته‌واوه‌تی ته‌رخان بكه‌ن بۆ دروستكردنی قوتابخانه‌كه‌ له‌ شه‌ره‌فه‌دین.

 

هەمەڕەنگ