ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆربه‌مان تابلۆیه‌كمان بینیوه‌ پیاوێكى شه‌بقه‌ له‌سه‌رى بۆینباخ سور وه‌ستاوه‌ و له‌به‌رده‌مووچاوى سێوێكى سه‌وز هه‌یه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شاكاره‌كانى هونه‌رى سوریالیزم له‌ جیهاندا، كه‌ هونه‌رمه‌ندى به‌لژیكى (رێنیه‌ ماگرێت) كێشاویه‌تى .

رێنیه‌ ماگرێت هونه‌رمه‌ندێكى به‌ناوبانگى دوونیاى هونه‌رى سوریالیزمه‌، به‌ناوبانگه‌ به‌وه‌ى كه‌ تابلۆكانى نزیكن له‌ بینه‌ره‌وه‌ و كێشه‌و نهێنییه‌ گشتییه‌كانى ئینسان باس ده‌كات، وه‌ هه‌میشه‌ فۆرمى ساده‌ نیشانده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى زۆرتر و زووتر خه‌ڵك له‌ كاره‌كانى تێبگه‌ن.

رێنیه‌ ماگرێت له‌ ساڵى 1898 له‌ به‌لژیكا له‌دایك بووه‌، سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندى گرتووه‌ له‌گه‌ڵ فێرگه‌ى زانستى هونه‌ره‌ جوانه‌كان و له‌وێ ده‌رچووه‌، دواتر ده‌ستى داوه‌ته‌ كاركردن له‌ بواره‌كانى رێكلامى بازرگانى و پۆسته‌رى فیلم و شانۆگه‌رییه‌كان، دواتر به‌هره‌كانى له‌ وێنه‌كێشاندا زیاتر ده‌ركه‌وتوون.

له‌ ناوه‌راستى بیسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو رێنیه‌ كه‌وته‌ ناو دوونیاى هونه‌رى سوریالیزمه‌وه‌ و ناوبانگى زۆرى ده‌ركرد، به‌وه‌ى جیاواز له‌ ماكس ئێرنست و دالى و سوریالییه‌كانى دیكه‌ كارى ده‌كرد و هه‌وڵى ده‌دا فۆرَمى ساده‌ و كه‌ره‌سته‌ى ساده‌ نیشان بدات و مانا و چه‌مكى تازه‌ بخاته‌ پاڵیان، دواى ئه‌وه‌ى ناوبانگه‌كه‌ى گه‌شه‌ى كرد به‌ته‌واوه‌تى خۆى ته‌رخانكرد بۆ وێنه‌كێشان و وه‌ك پیشه‌ى سه‌ره‌كى لێهات بۆ ئه‌و، هونه‌ره‌كه‌ى به‌ربڵاو بوو و له‌ كۆمه‌ڵێك پیشانگاى جیهانیدا نمایش ده‌كران.

كاره‌ هونه‌رییه‌كانى ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌ سه‌ره‌تایه‌كیش داده‌نرێت بۆ نزیك بونه‌وه‌ له‌ هونه‌رى پۆپ (پۆپ ئارت).

له‌ ساڵى 1967 رێنیه‌ مارگرێت كۆچى دوایی كردووه‌ .

ناوى ته‌واوى (رێنیه‌ فرانسوا گیزلان مارگرێت)ه‌ و كوڕى گه‌وره‌ى خێزانێك بوو كه‌ له‌ سێ برا پێك ده‌هاتن.

ژیانى منداڵى ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ناخۆش و ئاڵۆز و پڕمه‌ینه‌تى و هه‌ژارى بووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى باوكى كاریچكى جێگیرى نه‌بووه‌، هه‌ربه‌م هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ر ماوه‌ى ماڵیان باریكردووه‌ بۆ شوێنێك و زۆربه‌ى شاره‌كانى به‌لجیكا گه‌ڕاون به‌دواى كاردا، ئه‌م ته‌نگژانه‌ش واى كردووه‌ دایكى رێنیه‌ له‌ ساڵى 1912 خۆى بدا به‌ده‌م ئاودا و كۆتایی به‌ژیانى بهێنێت، ئه‌م رووداوه‌ كاریگه‌رى زۆر له‌سه‌ر بیر و هزرى رێنیه‌ داده‌نێت و وه‌ك مرۆڤێكى ناجێگیر و شێواو له‌و قۆناغه‌دا، هه‌ربۆیه‌ په‌ناى برده‌ به‌ر خوێندنه‌وه‌ و بینینى فیلمى سینه‌مایی و خودانه‌ رۆمانه‌ جیهانییه‌كان، هه‌رله‌وكاتانه‌شدا وێنه‌ى ده‌كێشا به‌ڵام وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى سوریالى ده‌ستى پێنه‌كرد، به‌ڵكوو سه‌ره‌تا كاره‌كانى ده‌چوونه‌ سه‌ررێبازى ئینتیباعى (ئیمپرێشینیزم).

له‌ساڵى 1916 رێنیه‌ ماڵ به‌جێ ده‌هێڵێت و رووده‌كاته‌ برۆكسلى پایته‌خت، له‌وێ بۆ ماوه‌ى دووساڵ له‌ ئه‌كادیمیه‌ى پاشایه‌تى بۆ هونه‌ره‌ جوانه‌كان ده‌خوێنێت، هه‌ر له‌وێش زانیارى په‌یدا ده‌كات له‌سه‌ر ئاراسته‌كانى هونه‌رى وێنه‌كێشان، به‌تایبه‌تى هونه‌رى ئاینده‌گه‌رى و كۆبیزم، هه‌روه‌ها تێكڕاى هونه‌ره‌كانى دیكه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى كاریگه‌رى هونه‌رمه‌ند پابلۆ پیكاسۆ ده‌بینرێت به‌سه‌ریانه‌وه‌ .

ماوه‌یه‌كى كه‌م رێنیه‌ له‌ كارگه‌یه‌كى كاغه‌زى دیوار كارى كردووه‌ و وێنه‌و نه‌خشه‌كانى درووستكردووه‌، دواتر كاره‌كه‌ى گۆڕیوه‌ و به‌ته‌واوه‌تى خوى داوه‌ته‌ كارى رێكلامى بازرگانى و نوسین و ئاماده‌كردنى تابلۆى بازرگانى بۆ فرۆشگاو كارگه‌كان، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا تابلۆیه‌كى هونه‌رمه‌ندى سوریالى ئیتاڵى (جۆرجیۆ دى شیریكۆ)ى بینیوه‌ و زۆر پێى سه‌رسام بووه‌، ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ خولیاى بچێته‌ سه‌ر كارى سوریالى و له‌وێڕا به‌رده‌وامى بدات به‌كاره‌كانى.

هونه‌رمه‌ند له‌كاره‌ سوریالیه‌كانیدا وێنه‌ى كه‌ره‌سته‌ى زۆر ساكارى ده‌كێشا وه‌كوو شه‌بقه‌ و میوه‌ و به‌رد و ئه‌م شتانه‌ كه‌ بۆ هه‌موو كه‌س ئاشنان و رۆژانه‌ به‌كاریان ده‌هێنن ، به‌ڵام ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌ وێنه‌ى ده‌كێشان و ماناى تازه‌ى ده‌كرده‌ به‌رییان و تێڕوانینى نوێى بۆ داده‌بڕین، كه‌ هه‌ندێ جار نزیك ده‌بوونه‌وه‌ له‌ جیهانى فه‌لسه‌فه‌ و بیر و جیاوازتر ده‌رده‌كه‌وتن له‌ نیگاكانى هۆشیارى خه‌ڵك، ئه‌مه‌ واى كرد كاره‌كانى ببنه‌ جێگاى سه‌رنج .

له‌گه‌ڵ نمایشكردنى دووتابلۆى به‌ ناوه‌كانى 

The Lost Jockey و The Menaced Assassin 

رێنیه‌ بوو به‌ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین هونه‌رمه‌ندانى به‌لژیكا ، و یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندانى به‌ناوبانگى سوریالى، به‌ڵام له‌ ساڵى 1927كه‌ پیشانگایه‌كى تایبه‌تى كردوه‌ بۆ كاره‌كانى هیچ نه‌بووه‌ جێگاى بایه‌خى بینه‌ره‌كانى، بۆیه‌ ناچاربوو به‌لژیكا جێبهێڵێ و به‌ره‌و فه‌ره‌نسا بچێ بۆ ژیان.

له‌ فه‌ره‌نسا به‌ زوویى كه‌وته‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌ دیاره‌كانى سوریالیزم له‌وانه‌ نووسه‌ر و شاعیر (ئه‌ندرێ بریتۆن) و هونه‌رمه‌ندان ماكس ئارنست و سلڤادۆر دالى و خوان میرۆ.

له‌ پاریس ناو و ده‌نگى زۆرى په‌یداكرد و زۆرێك له‌ كاره‌كانى فرۆشران، ئه‌مه‌ش وایكرد بژێوى و ژیانى بگۆرێت و ببێته‌ خاوه‌ن داهات، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا له‌ساڵى 1930 بڕیاریاندا بگه‌رێنه‌وه‌ به‌لژیكا، له‌وێش له‌گه‌ڵ برایه‌بچوكه‌كه‌یدا(پۆل) كۆمپانیایه‌كى رێكلام دابمه‌زرێنن.

له‌گه‌ڵ كاره‌ تازه‌كه‌یدا رێنیه‌ له‌ وێنه‌كێشان نه‌وه‌ستا و به‌رده‌وام بوو به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بینه‌ره‌كانى سه‌رسام ده‌كردوو كاره‌كانى زۆرێك له‌ كرێاڕى بۆ په‌یدابوو.

له‌ ناوه‌راستى سییه‌كاندا رێنییه‌ گه‌یشته‌ ترۆپكى ناوبانگ و كاره‌كانى له‌ نیۆیۆرك و له‌نده‌ن نمایش ده‌كران، به‌ڵام به‌هۆى جه‌نگى جیهانى و مانه‌وه‌ى له‌ به‌لجیكا ژیانى تێك چوو و دابڕا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و ئه‌ندرێبریتۆنى هاوڕێى .

له‌ ساڵانى په‌نجاكاندا رێنیه‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى جیهانى ناوبانگى ده‌ركرد، و له‌ هه‌موو سوچێكى جیهاندا بوو به‌ یه‌كێك له‌ ناسراوه‌كانى ئاراسته‌ى سوریالیزم له‌ هونه‌رى وێنه‌كێشاندا.پیشانگاكانى جێگاى سه‌رسامى خه‌ڵك بوون.

له‌ساڵى 1964 تابلۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ى كێشا به‌ناوى 

SAN OF MAN 

ئه‌و تابلۆیه‌ى كه‌ هێنده‌ى تر ناوو ناوبانگى له‌ جیهان بڵاو كرده‌وه‌ .

جگه‌ له‌ وێنه‌كێشان، رێنیه‌ ماگرێت، كارى له‌ بوارى فیلم كردوه‌ و زۆربه‌ى فیلمه‌كانى رۆڵى سه‌ره‌كى داوه‌ به‌ خێزانه‌كه‌ى ، هه‌روه‌ها له‌ بوارى په‌یكه‌رسازیشدا كاریكردووه‌.

دواى ئه‌وه‌ى تووشى نه‌خۆشى ده‌بێت له‌ 15ى ئابى ساڵى 1967 گیانى ده‌سپێرێت، له‌ دواى خۆى كۆمه‌ڵێك تابلۆى ناوازه‌ى به‌جێهێشت كه‌ وه‌ك سه‌روه‌تێكى نه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌لژیكیه‌كان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن.