ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: لە مانگی رابردوودا 16 کۆڵبەری کورد لە سنورەکانی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ تەنها لە مانگی تەموزدا حەوت کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسیش بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارە چوار کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون، دوو کۆڵبەر بەهۆی رووداوی هاتوچۆ و کۆڵبەرێکیش بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چوار کۆڵبەرەی کە بەتەقەی راستەوخۆ کوژراون خەڵکی پارێزگای ورمێ بوون و هەروەها دوو کۆڵبەر لە پارێزگای سنە و کۆڵبەرێکیش لە پارێزگای کرماشان گیانیان لەدەستداوە.

ئاشکراشی کردووە، لە کۆی ئەو نۆ کۆڵبەرەی کە بریندار بوون، حەوت کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، کەسێکیان بە هۆی تەقینەوەی مین و کەسێکیشیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بوون.

لەماوەی رابردوودا و لە ڕێگا سەخت و پڕمەترسیدارەکانی سنورەکانی نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەیان کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.