ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكراتی (هەسەدە) رایگەیاند، لە شەڕی 24 كاتژمێری رابردووی قۆناغی كۆتایی هەڵمەتی گەردەلوولی جەزیرەدا 14 چەكداری داعش كوژراون.

هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا ئاماری شەڕی 24 كاتژمێری رابردووی قۆناغی كۆتایی هەڵمەتی گەردەلوولی جەزیری ئاشكرا كرد و رایگەیاندووە، لە گوندی باخۆزی سەروو شەڕ بەردەوامە و 14 چەكداری داعش كوژراون.

ئاماژە بەوەكراوە، لە شەوی شەممە شەڕ لە گوندی باخۆزی سەروو بەردەوامە، چەكداران هەوڵیانداوە بەرەو ئەو خاڵانە پێشڕەوی بكەن كە هێزەكانیان ڕزگاریان كردوون، بەڵام شكستیان هێناوە.

هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەكداران لە هێرشەكەیاندا ماتۆڕ، و هاوەن و تۆپهاوێژیان بەكارهێناوە، لەم شەڕەدا ژمارەیەك چەكداری داعش كوژران و دوو شەڕڤانیش برینداربوون.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكراتی (هەسەدە) رونیكردووەتەوە، هێزەكانمان پێشڕەوییان كردووە و چوار خاڵیان لەنێو گوندی باخۆز ڕزگار كردووە، لە هەمان كاتدا، هێزەكانیان لە كۆڵانە سەرەكییەكانی گوندەكەدا پێشڕەوییان كردووە.