رێگای كوردستان

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسیی هه‌رێمی كوردستان، قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانییه‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، كه‌ سه‌عات 10ی‌ پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ یەكشەممە رێكەوتی 29ی تەموزی 2018، دوایین واده‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی لیستی كاندیده‌كانیان و واده‌كه‌ش درێژناكرێته‌وه‌.

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندی و راگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بە میدیا ناوخۆیەكانی راگەیاند "ئەمڕۆ كاتژمێری 10ی بەیانی دواین وادەیە بۆ وەرگرتنی لیستی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".

وتیشی:ئەو وادەیە درێژ ناكرێتەوە ، جه‌ختیش له‌وه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانێتییه‌ك تا ئه‌وكاته لیستی كاندیدانی خۆی پێشكه‌ش نه‌كات، بێبه‌ش ده‌كرێت له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان.

 

بریار محەمەد

ئەمڕۆ شەممە 28ی تموزی 2018 لەنێوان شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی پێنج كەسی خێزانێك بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەوە برینداربوون.

نەقیب كارزان مەجید، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان، بە(رێگای كوردستان)ی راگەیاند، " ئەمڕۆ لەرێگەی كەلار بۆسلێمانی ئۆتۆمبیلێكی جۆری هۆندای كە لەسلێمانیەوە بۆ كەلار هاتبوو وەرگەڕا".

بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان راشیگەیاند، "بەو هۆیەوە پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبێلەكە، كەسەرجەمەیان لەیەك خێزانن و بەنەتەوە عەرەبن برینداربوونە".

نەقیب كارزان باسی لەوەشكرد، " بۆچارەسەر سەرجەمی بریندارەكان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشحانەی شەهید مەلا ئەحمەد كەلاری لە باوەنور".

رێناس گەرمیانی

ئەمڕۆ لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە لە شاری كەركوك، دەست رێژی گولە لە بەرپرسی هەواڵگری حەشدی شەعبی لە شارەكە كراو دەست بەجێ بەو هۆیەوە گیانی لە دەستدا.

بە پێی ئەو زانیاریانەی كە لە سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە لە كەركوك بە دەست (رێگای كوردستان) كەوتووە، چەند چەكدارێكی نەناسراو لە دوور ئەلسكەكی كەركوك دەست رێژی گوللەیان لە بەرپرسی هەواڵگری چەكداری عەسائیبی ئەهلی هەق لە كەركوك كە سەر بە حەشدی شەعبین كردووە ودەست بەجێ تیرۆریان كردووە.

هەر بە پێی ئەو زانیاریانە، ئەو چەكدارانە دوای ئەنجامدانی ئەو كارەیان بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵهاتوون ولە لایەن دەزگا ئەمنییەكانیشەوە ڕێگای توندوتۆڵ گیراوەتە بەر بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو چەكدارانە ودەست گیر كردنیان.

ساڵح موسلیم لەیەکەم کاردانەوەیدا سەبارەت بە سەردانی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی بۆ دیمەشق رایدەگەیەنێت، ئەوە تەنھا سەردانێکی سەرەتایی بووە، و ھێشتا دانوستان دەستیپێنەکردووە.

ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتی، ئەمڕۆ شەممە 28ی تەموزی 2018 بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سەردانەکە زۆر پشتی پێنابەسترێت لە تاوتوێکردنی مەسەلە چارەنووسسازەکاندا لەگەڵ حکومەتی رژێمی سوریادا.

ساڵح موسلیم راشیگەیاند، ئەو شاندە کوردییەی کە بەسەرۆکایەتی ئیلھام ئەحمەد، سەردانی دیمەشقی پایتەختی سوریایان کردووە، بۆ زانینی نیازی حکومەتی سوریا بووە سەبارەت بەچارەسەری سیاسی.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتی جەختیشیکردووە، " ناتوانین ئەم چاوپێکەوتنە بە دانوستان ناوبنێین، ڕەنگە ئامادەکاری یان خۆئامادەکردن بێت بۆ دانوستان".

ناوبراو رونیشیکردەوە، " ئێمە ھەڵوێستەکانمان روونە، ئێمە ئامادەین بۆ شەڕکردن لەدژی تیرۆر لە ھەرشوێنێک بێت، و ئەمەش ڕونکردنەوەی ھەڵوێستەکان یان لانیکەم ڕونکردنەوەی بۆچوونەکانی پێویستە، بەوەی ئەگەر ئێمە شەڕدەکەین چۆن شەڕبکەین و کێ پشتیوانیمان دەکات، و کێ لەگەڵمان شەڕدەکات و شەڕلەدژی کێ دەکەین، ھەموو ئەمانە پێویستیان بە رونکردنەوە ھەیە".

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، لەگەڵ برێت مه‌كگۆرك نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش كۆبونەوە.

ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی 27/7/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له برێت مه‌كگۆرك نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش، جێگری باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا و كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ریان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوا پێشهاته‌كان، پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت تاوتوێ كران و پێویستیی گفتوگۆیه‌كی جددیتر له‌نێوان‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ و بوونی به‌هێزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا، جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌، گفتوگۆكانی ئێستای هه‌ولێر ـ به‌غداشیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رز نرخاند.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی هه‌وڵ و گفتوگۆ‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر و به‌غدا و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ به‌شداریكردن له‌ حكوومه‌تی عێراق پێشكه‌ش كرد، هه‌روه‌ها هیوای فراوانتركردنی گفتوگۆكانی خواست و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی نوێ پێكده‌هێنن، نیشان دا.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ‌ د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، دوا پێشهاته‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و جێبه‌جێكردنی داواكاریی خۆپیشانده‌ران، پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.