دەزگای دژە تیرۆری كوردستان لە راگەیەندراوێكدا، میدیاكانی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەوەی شێوازی رووماڵكردنیان بۆ رووداوەكەی بینای پارێزگای هەولێر بەشێوەیەك بووە كە خزمەتیان بە تیرۆریستان كردووە. دةشليَت " لەمەودوا کەناڵەکانی راگەیاندن بە هیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نییە و نابێت نزیکی شوێنی رووداو بکەون و رووماڵی رووداوەکان بکەن".

دەقی راگەیەندراوەكە:

بۆ هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن بێ جیاوازی

لە رووداوەکەی دوێنێی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دەرکەوت کە کەناڵەکانی راگەیاندن زۆر ناپرۆفیشناڵانە کار دەکەن و هیچ رەچاوی باری ئەمنی ناکەن لە رووماڵکردنی هەواڵەکانیان، تاکە خەمیان ته‌نها لایك و دەستخۆشییە. لەمەودوا خوانەخواستە لە هەر بارێکی نەخوازراوی وەک رووداوەکەی دوێنێ، کەناڵەکانی راگەیاندن بە هیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نییە و نابێت نزیکی شوێنی رووداو بکەون و رووماڵی رووداوەکان بکەن، بە پێچەوانەوە زۆر بەتوندی لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و بەرپرس دەبن لە ئاکامی کارەکانیان.

تکا دەکەین جارێکی تر دەزگاکانی راگەیاندن، بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و ئیتیکی رۆژنامەوانی بپارێزن و، جارێکی دیکە نەکەونە ئەو هەڵەیە کە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە و، باری ئەمنی رەچاو ناکەن، چونکە لای ئێمە سەلامەتی هاونیشتمانیان و کارمەندان و پێشمه‌رگه‌كانمان لە رووماڵکردنی هەواڵەکانتان گرنگترە.

ئەمجۆرە رووماڵکردنەی كه‌ کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ هەواڵەکان دەیکەن، جگە لە خزمەتکردن بە تیرۆریستان، هیچ مانایەکی تر ناگەیەنێت.

ئەم هەڵسوکەوتەی دەزگاکانی راگەیاندن کە یەکەمجار نییە، هیوادارین دواجاربێت، چونکە ئیدی مایەی قبووڵکردن نابێت.

دژەتیرۆری كوردستان

بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، کارەبای نیشتمانی لە مانگی تەمموز و ئابدا وەکو رۆژانی تر دەدرێت بە هاوڵاتیان بەڵام لە مانگی ئەیلوولدا بەهۆی کارکردنی کۆمپانیای دانا غاز لەو یەکانەی کە کە کارەبا بۆ هەرێم بەرهەم دەهێنن بۆ ماوەی سێ رۆژ کارەبای نیشتیمانی نادرێتە هاوڵاتیان.

سالار حسامەدین، بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی، بەمیدیا ناوخۆیەكانی راگەیاند، هۆکاری بڕینی کارەبای هەرێم بۆ کارکردنی کۆمپانیای دانە غاز دەگەڕێتەوە، چونکە دەیەوێت لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا توانای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی زیاد بکات، لە هەرسێ وێستگەی سەرەکی شارەکانی (هەولێر و دهۆک و سلێمانی)، کە کارەبای هەرێمی لێ بەرهەمدەهێنرێت.

بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەڵام وەزارەتی کارەبا ئاگاداریکردنەوە لە ئێستادا ئەو بریارەی دانا غاز جێبەجێ ناکەین، چونکە لە ئێستادا کەشوهەوا گەرمە و هاوڵاتیان پێویستیان بە کارەبا هەیە، بۆیە لە مانگی ئەیلولدا ئەو بڕیارە جێبەجێدەکرێت.

ئ.ح

لەپارێزگای هەڵەبجە یەکەمین دانیشتنی دادبینی کەیسی بە دادگایکردنی ئەو کۆمپانیا و کەسایەتیە بیانیانەی کە ھاوکاریی ڕۆژێمی پێشووی عێراقیان کردبوو بە پێدانی پێکھاتەکانی دروستکردنی چەکی کیمیاویی بەڕێوەچوو.

رۆژی دووشەممە 23ی تەموزی 2018 لە دادگای بەرایی ھەڵەبجە، بەئامادەبوونی کەسوکاری شەھیدانی ھەڵەبجە و پارێزەرانی قوربانیانی کیمیاباران لە گروپی دادوەری جیھانی و کوردستان، یەکەمین دانیشتنی دادبینی کەیسی بە دادگایکردنی ئەو کۆمپانیا و کەسایەتیە بیانیانەی کە ھاوکاریی ڕۆژێمی پێشووی عێراقیان کردبوو بە پێدانی پێکھاتەکانی دروستکردنی چەکی کیمیاویی بەڕێوەچوو.

بەپێی زانیارییەكان لە یەکەمین دانشتنی دادگادا، ھیچ یەکێک لە سکاڵا لەسەر تۆمارکراوەکان ئامادەیی نەبوو، بۆیە دادگا دانشتنەکەی دواخست بۆ مانگی ١١ی ئەمساڵ. 

ئەیوب حەمە غەریب، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی چەمچەماڵ بەمیدیاكانی ناوخۆی راگەیاند، پێشمەرگەیەک کە دانیشتووی شاری چەمچەماڵە گەیەندرایە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو گیانی لەدەستدابوو. 

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی چەمچەماڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەو پێشمەرگەیە دانیشتووی گەڕەکی ئاسوودەیە، بەوتەی خێزانەکەی " بۆخۆی خۆی کوشتووە". 

لە لایەكی تریشەوە ، ڕمك ڕەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ رایدەگەینێت، "لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكان لەوبارەیەوە دەستیپێكردووەو پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆكراوەتەوە، تا ئێستاش هۆكاری سەرەكیی رووداوەكە نەزانراوەو پێدەچێت پاڵنەری دەروونی وای لێكردبێت كە ئەو كارە بكات".

ئ.ح

 

هەژماری دژە تیرۆری كوردستان سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك بڵاویكردۆتەوە، ئەو سێ چەكدارەی كە بەیانی ئەمڕۆ 23ی 7ی 2018، هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، كوردن و دانیشتووی‌ شاری هەولێرن.

دژە تیرۆری كوردستان ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، هەر سێ چەكدارەكە، كە لەئەنجامی رووبەڕوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كوژران، دانیشتووی گەڕەكی قەڵاتی نوێن لەشاری هەولێر.

هەژماری دژە تیرۆری كوردستان، ناوی هەرسێ چەكدارەكەشی بڵاوكردۆتەوە، كە بریتین لە (رەهێڵ محەممەد رۆستەم مووسا، لە دایكبووی ٢٠٠٢، بیلال سلێمان عەبدولڕەحمان ئەحمەد، لەدایكبووی ٢٠٠٠، عەبدولرەحمان رەحیم قادر حوسێن، لە دایكبووی ٢٠٠٢)، خوێندكاری قۆناغی ئامادەیی بوون.