به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌نده‌ڵییان كردووه‌، ده‌ستگیركراون. 

رۆژی چوارشەممە 18ی تەموزی 2018 لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر دوای به‌شداریكردنی له‌ سیمیناری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گه‌شه‌پێدان، بە رۆژنامەنووسانی راگه‌یاند، "هه‌ر كه‌یسێكی گه‌نده‌ڵی كه‌ له‌لایه‌ن دادگاو ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ئاڕاسته‌یان بكرێت، پاش رەزامەندی دادوەر، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ كه‌سه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌ن". 

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر راشیگەیاند، له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردووی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 150 كه‌یسی گه‌نده‌ڵی له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی تۆماركراوه‌و بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارانیش فه‌رمان به‌ پۆلیس كراوه‌ ده‌ستگیریان بكات.

لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت باسی لەوەشكرد، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌ی ئاڕاسته‌ی پۆلیس كراوه‌ تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیركراون و دوای وەرگرتنی وتەیان ئاڕاسته‌ی دادگا كراون. 

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی گه‌نده‌ڵییان كردووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ رایانكردووه‌و پۆلیسیش له‌ رێگه‌ی پۆلیسی ئه‌نته‌رپوڵه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌ستگیركردنیان ده‌دات یان ده‌بێت بهێنرێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 18ی تەموزی 2018 به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری مه‌شق و په‌ره‌پێدانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا کە نوێنەری باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق و کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پیشکەش کرد و تیایدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ژاپۆن و نوێنه‌رانی ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاریكاریی نێوده‌وڵه‌تی "جایكا" و كۆمپانیای (لووت هارد)ی ئه‌ڵمانی و (UNDP)، هه‌روه‌ها سوپاسی کردن کە لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا ڕۆڵیان هەبوو لە سەرخستنی پڕۆژەی بنیاتنان و کردنەوەی خولەکانی ڕاهێنان و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ تاقیگەکانی ئەم سەنتەرە و پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی كه‌رتی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان، بەتایبەتیش وڵاتی ژاپۆن کە لە چوارچێوەی به‌رنامه‌ی قه‌رزه‌كانیدا بۆ عێراق، له‌ به‌شی هه‌رێمی كوردستان، پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری مه‌شق و په‌ره‌پێدانی بۆ وه‌زاره‌تی كاره‌با و پڕۆژه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی كه‌رتی كاره‌بای له‌ هه‌رێمی كوردستان خستە واری جێبەجێکردنەوە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێم، وێڕای وەبیرهێنانەوەی چەندین پڕۆژەی دیکەی حکوومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایكا لە هەرێمی کوردستان، ڕێز و پێزانینی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ دۆستایه‌تی و كار و به‌رنامه‌كانی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و هیوای خواست هاوكاری و پشتگیریی ئەوان بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌رده‌وام بێت.

بارزانی ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی بۆ بەردەوامبوونی چاکسازی لە سەرجەم بوارەکاندا دووپات کردەوە و کردنەوەی سه‌نته‌ری مه‌شق و په‌ره‌پێدانی توانای مرۆیی و پیشه‌یی و زانستی بۆ كادیران و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای بە به‌شێك‌ له‌و چاكسازییانه‌ دانا لەپێناو پێشکەوتن و پەرەپێدانی كه‌رته‌كانی ژیان و خزمه‌تگوزاری.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم بارودۆخی چوار ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی کە جگە لە كێشه‌ سیاسییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، خۆی لە بڕینی بودجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئه‌وسای عێراقه‌وه‌‌، دابه‌زینی نرخی نه‌وت، شه‌ڕی داعش و هاتنی نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستاندا دەبینییەوە، بە ڕێگری سەرەکیی بەردەم به‌شێكی زۆر لە پلان و به‌رنامە‌ی حکوومەت دانا کە بۆ پێشخستن و په‌ره‌پێدانی ژیان و هه‌موو بواره‌كانی خزمه‌تگوزاری دانرابوون، لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاند کە خواستی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان بۆ پێشكه‌وتن و ژیانێكی باشتر وه‌ك خۆی ماوەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، کێشە و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بە بیر ئامادەبووان هێنایەوە کە حكوومه‌تی هه‌رێم توانی به‌ پشتگیری و خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان و گیانفیداییی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی، مانەوەی خۆی بسەلمێنی و دوای بەرگەگرتنی سەختی و نەهامەتییەکان، توانی وێڕای تێپەڕاندنی ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان و درێژەدان بە چاکسازییەکان، شوێن و پێگه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئاستی عێراق، ناوچه‌كه‌ و جیهانیش وه‌ربگرێته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا سەرۆک وەزیران هیوای خواست جگە لە كادیران و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، سەرجەم وه‌زاره‌ت و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌ت و لایه‌ن و ڕێكخراو و ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش سوود لەو پڕۆژەیە وەربگرن لەپێناو په‌ره‌پێدانی توانای مرۆیی و زانستی و پسپۆڕیی كادیران و كارمه‌ندانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئۆمێدی ئەوەی خواست ئه‌نجامی ڕاهێنان و تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌م سه‌نته‌ره‌، کاریگەری له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كاره‌با هه‌بێت، بە شێوەیەک کە هاوشانی جێبه‌جێکردنی سیستمی نوێی ئه‌لكترۆنی بۆ دابه‌شكردنی كاره‌با، ببێته‌ یارمه‌تیده‌ر و ڕێخۆشكه‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاریی كێشه‌ی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، گه‌شبین بوو بەوەی کە ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان تێده‌په‌ڕن و ئاسۆیەکی ڕوونتر و داهاتوویەکی گه‌شتر چاوەڕوانی هەرێمی کوردستان دەکات و بە هەوڵی بەردەوامی حکوومەت بۆ چاکسازی، هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ژیانێكی باشتر هه‌نگاو ده‌نێت، بۆیە داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بە به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی كوردستانییانه‌وە به‌شداریی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق بكه‌ن كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كییان بەدیهێنانی شه‌راكه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌ عێراق و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بێت.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەرمانی هەشت کۆمپانیا لە دەرمانخانە و بازاڕەکانی هەرێم دەکشێننەوە.

رێککەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تەموزی 2018 رایگەیاند ، کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەرمان لیستێکی ئامادەکردووە بۆ کشانەوەی ئەو جۆرە دەرمانانە.

وه‌زیری ته‌ندروستی ئەوەشی خستەروو، ئه‌و ده‌رمانانه‌ی پشكنینیان بۆ كراوه‌و له‌پشكنیندا ده‌رنه‌چوون جۆری ده‌رمانه‌كانیان ده‌كشێنینه‌وه‌ و تائێستا ده‌رمان و پێداویستی هه‌شت كارگه‌مان له‌بازاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا كشاندۆته‌وه‌".

وەزیری تەندروستی هەرێم وتیشی ، تائێستا هیچ کەسێک بەهۆی ئەو درەمانانەوە توشی نەخۆشی نەبووە.

داواشیکرد، ئەوانەی دەرمانی ئەو کۆمپانیایانە بەکاردەهێنن، سەردانی پزیشک بکەن بۆ گۆڕینی جۆری دەرمانەکە یان کۆمپانیاکە.

رێککەوت حەمەڕەشید ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: به‌كارهێنانی ده‌رمانی پلاڤێكس كه‌بۆ نه‌خۆشی دڵ به‌كار ده‌هێنرێت پێشتر قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی بازرگانی كردووه‌ به‌و جۆره‌ ده‌رمانه‌وه‌ رووبه‌رووی دادگا كراوه‌ته‌وه‌.

ئ.ح

 

 

بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان، ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (17/7/2018) وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی گه‌یشته‌ به‌غداد.

به‌گه‌یشتنیان، له‌لایه‌ن د. محمد سه‌راج بریكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئێراقی و، د. سه‌ڵاح فتلاوی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نێردراوان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا-ی ئێراقی به‌گه‌رمی پێشوازییان لێكرا.

دواتر و، له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا، وه‌فدی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆشكی كۆماری له‌لایه‌ن د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری ئێراق پێشوازییان لێكرا.

له‌ دیدارێكدا، دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوان، گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای ئه‌وه‌ی سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی له‌ سه‌رۆك كۆماری ئێراق كرد، ئینجا ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یانی بۆ به‌غداد ڕونكرده‌وه‌، هه‌روه‌ك كورته‌یه‌كیشی له‌باره‌ی خوێندنی باڵا و، كاروچالاكی پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌ت پێشكه‌ش به‌سه‌رۆك كۆمار كرد و، ڕایگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌مان به‌ئامانجی به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن ڕیفۆرمی له‌ كۆمه‌ڵێك بوار كردوه‌ و، به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌نجامی باش به‌ده‌ستهاتوه‌، ڕونیشكرده‌وه‌ پڕۆسه‌ی ڕیفۆرم به‌رده‌وامی پێ ده‌ده‌ین تا ئه‌و كاته‌ی ئاستی زانكۆكان ده‌گه‌نه‌ به‌رزترین ئاست، وه‌زیری خویندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیمان له‌م سه‌ردانه‌ بۆ به‌غدادی پایته‌خت بریتیه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوانماندا هه‌یه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا، د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری ئێراق، دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان، به‌گرنگیه‌وه‌ له‌و سه‌ردانه‌ی ڕوانی و ڕایگه‌یاند: ئه‌م جۆره‌ سه‌ردانانه‌ گرنگه‌ بۆ توانه‌وه‌ی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌ی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد دروست بوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بواری خوێندنی باڵا، وتیشی ته‌نها به‌سه‌ردان و گفتوگۆ و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربون له‌ یه‌كتر ده‌توانین كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان چاره‌سه‌ربكرێ، هه‌روه‌ك وه‌فدی میوانی ڕاسپارد بایه‌خ و به‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی یه‌كتر له‌ كاروباره‌كانی یه‌كتر بده‌ن، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆك كۆماری ئێراق به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ بواری خوێندنی باڵا كرد، هه‌روه‌ك ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیكرد بۆ ئه‌و كاروپرۆژانه‌ی له‌ بواره‌ جیاكان ئه‌نجامیداوه‌، به‌تایبه‌ت ڕیفۆرمكردن له‌ بواری پرۆگرامه‌كانی خوێندن، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ په‌ره‌ به‌ئاڵوگۆڕی ستافی زانستی له‌ نێوان زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و شاره‌كانی دیكه‌ی ئێراق بده‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش بایه‌خی زیاتر به‌سه‌ردان و گه‌شتی زانستی خوێندكاران له‌ نێوان زانكۆكان بده‌ن و، كارئاسانی ته‌واویش بكرێ بۆ یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان، له‌هه‌مان كاتدا ده‌بێ له‌ دابه‌شكردنی ئه‌وسكۆله‌رشیپانه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ئێراق ده‌كرێ به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان ده‌رفه‌ت بۆ خوێندكاران له‌سه‌رجه‌م ئێراق و هه‌رێمی كوردستان بڕخسێنن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، د.محمد سه‌راج بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رسامی خۆیی پیشاندا به‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌ بواری خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌دیهاتوه‌، وتیشی خاڵی به‌هێزی به‌دیهێنانی ئه‌و پێشكه‌وتن و ڕیفۆرمه‌ی له‌ كه‌رتی خوێندنی باڵا كراوه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ سه‌قامگیری بارودۆخی ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستخۆشی له‌ د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، ستافی وه‌زاره‌ت كرد، هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌ گرنگی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ زانستیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد كرده‌وه‌ له‌ پێناو خزمه‌تكردن به‌خوێندكاران و پڕۆسه‌ی خوێندن له‌ سه‌رانسه‌ری ئێراق.

وه‌فدی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، كه‌له‌لایه‌ن د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێ، پێكهاتون له‌ د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین/هه‌ولێر، د.ئالان فه‌ریدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، د.نه‌ژده‌ت ئاكرێی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان، د.محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری، د.جوان جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان، د.محمد صابر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خوێندن و پلاندان و به‌دواداچون.

لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە پارێزگای کەرکوک، فەرماندەیەکی فەوج لە پۆلیسی فیدراڵ کوژرا. 

نەقیب حامد عوبێدی بۆ میدیاكان رایگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، بۆمبێکی چێنراو بە هێزێکی پۆلیسی فیدراڵدا تەقییەوە لەوکاتەی سەرقاڵی ئەنجامدانی پشکنین بوون لە قەزای داقوق (٤٥ کیلۆمەتر باشووری شاری کەرکووک)".

حامد عوبێدی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لە ئاکامی تەقینەوەکەدا، فەرماندەی فەوجی یەک لە لیوای ١٦ی پۆلیسی فیدراڵ کوژرا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکەی بکات".

کۆتایی ساڵی رابردوو هێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تەواوی ئەو رووبەرەیان کۆنتڕۆڵکردەوە کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق هەژمار دەکرا کە داعش لە هاوینی ٢٠١٤ کۆنتڕۆڵی کردبوو.