ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ساڵح موسلیم، بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم)، ڕایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وان هەرگیز لە دەرەوەی یەکپارچەیی سوریا نەبوون، و سیاسه‌تی خۆیان لە دەستی خۆماندایە و هەرگیز رادەستی هیچ کەسێک ناکەین.

لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەل ئاژانسی فورات نیوز ساڵح موسلیم، بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم)، لەبارەی چاوپێکەوتنەکانی شاندی مەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریا، رایگەیاند " ئەو شاندە وەک کۆمیتەی ئامادەکار بۆ تێگەیشتن لە نزیکایەتیی رژێم و بۆ ئەوەی بزانن، کە رژێمە جدییە یان نا، ئەو سەردانەیان ئەنجامدا، ئەو هەڤاڵانەی چوون بۆ چاوپێکەوتنەکان رایانگەیاند، چاوپێکەوتنەکان باش بوون و لەسەر ئەوە رێککەوتون، کۆمیتە و لیژنە دروست بکرێت."

سالح موسلیم وتیشی " ئەوەی ئێستا ئەنجام دەدرێت پێش چاوپێکەوتنە. یانی ئەمە بۆ هەر دوولا بە مانای هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە نیازە باشەکانی یەکتر و دروستکردنی متمانە. ئەگەر لەو رووەوە دۆخێکی باش بڕەخسێت، ئەوا دەکرێت هەنگاوی تریش بنرێن".

دەشڵێت" ئێمە پارچەیەک لە سوریاین. ئێمە هەرگیز لە دەرەوەی یەکپارچەیی سوریا نەبووین. ئێمە هەموو کات بیرمان لە سوریا کردووەتەوە، بەڵام مۆدێلێکمان هەیە، کە خۆمان بونیاتمان ناوە. ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوت ئەو مۆدێلە راستە، باشترینە و ئێمە دەمانەوێت بڵاوی بکەینەوە".

وتیشی "لەبەر ئەوانەش، مەبەست لە رێککەوتن ئەوە نییە، کە ئێمە لەسەر هەندێک خاڵ رێکبکەوین و لە هەندێک خاڵدا ئێمە سازش بکەین. بێگومان ئێمە داوای باشترین بە باشترین شێوە دەکەین."

جه‌ختیشیكردووته‌وه‌ "ئەمریکا لێرەیە، بەڵام هەرگیز ئیرادەی خۆمان رادەستی هیچ کەسێک نەکرد. ئیرادەی سیاسیی خۆمان لە دەستی خۆماندایە. ئێمە ئیرادەی سیاسیی خۆمان، ئیرادەی گەل و ئەو پێکهاتانە کە ئێمە نوێنەرایەتیان دەکەین، هەرگیز رادەستی هیچ کەسێک ناکەین."

ئاماژه‌شیكردووه‌ به‌وه‌ی بۆیە ئەگەر ئه‌وان له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریا كۆده‌بنه‌وه‌، ئەوە بە ئیرادەی خۆیان ئەنجام دەدەن، و رووسیا، ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکانی تریش، کە له‌ سوریان ئەوە دەزانن ئه‌وان دەیانەوێت چی بکەن و بە کوێی دەگەیەنن.

شاندێکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) رۆژی ٢٦ی تەمووزی ٢٠١٨ سەردانی دیمەشق (شام)ی کرد و بۆ یەکەمجار لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریادا چاوپێکەوتنی فەرمییان ئەنجامدا.