ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بانكی ناوەندی عێراق كۆی بڕی پارەی وەرگیراو و خەرجییەكانی وەزارەتی دارایی لە دراوی بیانی لەنێوان ساڵانی 2005 ـ 2017 ئاشكراكرد.

رۆژی دووشەممە 30ی تەموزی 2018 بانكی ناوەندی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشكرای كردن كە، "لە ساڵی 2003 تاوەكو ئەمساڵ، ئابووری عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو هەڵكشانی لە داهاتی نەوت بەخۆیەوە بینیوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەكانی نەوت".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "كۆی بڕی پارەی وەرگیراوی دراوی بیانی لەوەزارەتی دەرەوە لە نێوان ساڵانی 2005 ـ2017 نزیكەی 706.23 ملیار دۆلاری ئەمریكی بووە، بڕی پارەی خەرجكراویش گەییشتووەتە 703.11 ملیار دۆلار كە دەكاتە 99.5% ی قەبارەی كۆی داهات".

بەپێی راگەیێندراوەکەی بانكی ناوەندی عێراق، "ئەو خەرجكردنە بەسەر چەند بەشێكی جۆراوجۆر دابەشدەكرێت گرنگترینیان كردنی بە دینارە، كە وەزارەتی دارایی لە بودجەی گشتی خەرجیدەكات و لە نێوان ساڵانی 2005 تاوەكو 2017 بڕەكەی گەییشتووەتە نزیكەی 488.6 ملیار دۆلار كە دەكاتە 69.5%ی كۆی خەرجی، هاوردەكانی حكومەت لە هەمان ماوەو لەرێگەی بانكی بازرگانی عێراقی TBI بە بڕی 156.9 ملیار دۆلار و بەڕێژەی 22.3%ی كۆی خەرجییەكان بە پلەی دووەم دێت، ئینجا خەرجییەكانی دانەوەی شایستە داراییەكانی بەڵێندەرانی گرێبەستەكانی خزمەتگوزاری نەوت، لەگەڵ 41.5 ملیار دۆلار بەڕێژەی 5.9% كۆی خەرجی بواری سەربازی، ئەوەی ماوەتەوە كە 2.3%ـە لە كۆی خەرجی گشتیی بۆ دانەوەی قەرزەكانی سەر عێراق و خەرجی دیكە بەكارهێندراوە".

بانکی ناوەندی عێراق ئاماژە بەوەشكردووە، "ساڵی 2012 لەڕووی داهاتەوە باشترین ساڵ بوو كە كۆی قەبارەی داهات گەیشتە 106.23 ملیار دۆلار، هاوكات زۆرترین خەرجیش لە ساڵی 2013 بووە كە بڕەكەی گەیشتە نزیكەی 97.45 ملیار دۆلار، كۆی داهاتی نێوان ساڵانی 2005 تاوەكو 2013 بە رێژەی 21.7% بەشێوەیەكی بەرچاو گەشەیكردووە و بە بەراورد لەگەڵ گەشەی نێوان ساڵانی 2014 ـ2017 كە رێژەكەی 5.4%بووە، سەبارەت بە كۆی خەرجیش هەمیشە لە نێوان ساڵانی 2005 تاوەكو 2013 بەڕێژەی 24.3% گەشەیكردووە، بەڵام لە نێوان ساڵانی 2014 ـ2017 بەرێژەی 9.1% گەشەكه نەرێنی بووە".