ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەک چۆن لەگەڵ سەرۆکەکانی کۆریای باکوور و رووسیا کۆبووەوە، لەگەڵ ئێرانیش كۆدەبمەوە ئەگەر بیانەوێ.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کەسانی دیکە بەتایبەتی کە بابەتی جەنگ و مردن لەئارادایە، ئامادەین کۆببینەوە، هیچ کێشەمان لەگەڵ کۆبوونەوە نییە. لەگەڵ سەرۆک کیم کۆبووینەوە و نۆ مانگە گوێبیستی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور نەبووین. بەڵام میدیا ساختەکان رووماڵی ئەوە ناکەن. هەروەها کۆبوونەوەیەکی باشم لەگەڵ سەرۆک پووتین ئەنجامدا کە پەیوەندی بە داهاتوو و سەلامەتی و گەشەی ئابووری و پارێزگاریکردن لە ئیسرائیل و هەوو لایەنەکانی دیکە هەیە. کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ ناتۆ ئەنجامدا و دوای ئەوە سەدان ملیار دۆلاریان بۆ سیستەمی بەرگری زیادکرد".

لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، ترەمپ گوتی "بەدڵنیاییەوە لەگەڵ ئێرانیش کۆدەبمەوە ئەگەر بیانەوێ کۆببینەوە. ئینجا نازانم ئاخۆ ئامادەن یان نا، ئێستا بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبن. بەڵام کۆتاییم بە رێککەوتنی ئێران هێنا کە رێککەوتنێکی گەمژانە بوو. پێموایە ئەوانیش لەکۆتاییدا دەیانەوێت کۆببنەوە. هەر کاتێک ئامادەبن من ئامادەم، پێموانییە کۆبوونەوە لە لاوازی یان بەهێزی من بێت. ئەگەر بتوانین شتێک رێکبخەین واتاداربێت، بەفیڕۆدانی کاغەز نەبێت. بەدڵنیاییەوە ئامادەی ئەو جۆرە کۆبوونەوەم. هیچ مەرجی پێشینەم نییە".