فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایدەگەیەنێت، هێزه‌كانی په‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ)، بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی گه‌وره‌ له‌عێراق ده‌كاته‌وه‌.

رۆژی شەممە 21ی تەموزی 2018 ژه‌نه‌راڵ جۆزیف ڤوتێل فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بەمیدیاكانی راگه‌یاند، "وه‌رزی پایزی داهاتوو، هێزه‌كانی په‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ)، بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی گه‌وره‌ له‌عێراق ده‌كاته‌وه‌، به‌بێئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ ئاشكرابكات كه‌ بنكه‌كه‌ی لێ دروستده‌كرێت".

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست راشیگەیاند، "ئه‌ركی سه‌ره‌كی بنكه‌كه‌ بریتی ده‌بێت له‌ڕاهێنان و مه‌شقپێكردنی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق و چه‌ند سودێكی دیكه‌شی ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕانكاری له‌توانای سه‌ربازیی هێزه‌ عێراقیه‌كان و پێشكه‌وتنیان دروستده‌بێت".

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات، عەبادی یاسای ئیمتیازاتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەتدەکاتەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "عەبادی تەواوی ئیمتیازاتەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەتکردووەتەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە کاراکراوە".

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، حەیدەر عەبادی تانە لە یاساکە دەدات، لەبەرئەوەی ڕەزامەندی حکومەتی لەسەر وەرنەگیراوە، چونکە یاساکە باری ئابووری دەخاتە ئەستۆی حکومەت و پێویستی بە ڕەزامەندی حکومەت هەیە.

سوپای ئیسرائیل راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: هێرشی فراوانی بۆ سەر غەزە دەستپێکردوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە سەربازێکی ئیسرائیلی بە فیشەکی نیشانشکێنی فەڵەستینییەکان کوژرا.

لەڕاگەیەنراوەکەدا دوێنێ هەینی20ی تەمموزی 2018 سوپای ئیسرائیل بڵاوکردەوە دەڵێت "فڕۆکەکانمان پێگەکانی بزوتنەوەی حەماسیان لە ناوچەکانی غەزە کردوەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ تەقە لە هێزەکانمان کرا لە باشوری غەزە".

ئەوەش هاتووە لە راگەیەنراوەكە: هێزە ئاسمانیی و وشکانییەکانی ئیسرائیل ئامانجەکانی حەماس-یان لە کەرتی غەزە کردوەتە ئامانج، ئەمەش لەدوای ئەوە هات کە دوێنێ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ وەزارەتی سوپا ئەنجامدا لەبارەی تێکچوونی باری ئەمنی لە کەرتی غەزە.. 

وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ عێراق رایگه‌یاند: ‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ دوێنێی هەینی‌ شاره‌كانی‌ عیراقدا، 2 كەس كوژراون و 45 كەیش برینداربوون.

سه‌یف به‌در وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ عیراق رایگه‌یاند: له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ شاره‌كانی‌ عیراقدا دوو كه‌س كوژراون كه‌ یه‌كێكیان له‌ شاری‌ دیوانیه‌ بووه‌ و ئه‌وی‌ تریان له‌ شاری‌ نه‌جه‌ف.

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ عیراق بۆ سۆمه‌ریه‌نیوز ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە‌: "هاوكات 45 هاوڵاتی‌ برینداربوون كه‌ زۆرینه‌یان له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقن".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو: ‌ زۆربه‌ی‌ برینداره‌كان دوای‌ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پێویست نه‌خۆشخانه‌یان به‌جێهێشتووه‌ و چوونه‌ته‌ ماڵه‌وه‌.

دوێنێ‌ هه‌ینی‌ له‌ به‌شێك له‌ شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست و باشووری‌ عیراق خۆپیشاندانی‌ هاوڵاتیان به‌رده‌وام بوو و خۆپیشانده‌ران داوای‌ دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ وه‌ك ئاو و كاره‌با و دابینكردنی‌ هه‌لی‌ كار ده‌كه‌ن.

بەرپرسی بەشی لێكۆڵینەوەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) رایگەیاند، بەهۆی باردۆخی ئابووریی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای لیرەی ئومێدیان بە ئابوریی توركیا و گەشەسەندنی نەماوە.

جیان ماریا مەلسی فیراری رایگەیاندووە، "بەهۆی ئەو بارودۆخەوە، كە روویداوە ئابووریی توركیا بەخێرایی بەرەو داڕمان دەڕوات".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێمە چاوەڕێ بووین ئەمساڵ ئابووریی توركیا 4.2 و ساڵی داهاتوو 3.9 گەشە بكات و ئەوەش بەپێی راپۆرتەكانی (DEG) و (IMG) پێشبینی كرابوو".

باسی لەوەشكردووە، "ئێستا ئابووریی توركیا بە دەست كۆمەڵێك قەیرانەوە دەناڵێنێت و ناتوانێت لە گەشە بەردەوام بێت و بەرەو داڕمان دەڕوات".