سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، ئەگەر پارتی دادوگەشەپێدان و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هاوپەیمانی رێكنەكەون، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت بە دوور نازانێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا بڵاویكردەوە، ئەگەر پارتی دادوگەشەپێدان و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكە بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئیتلافی رێكنەكەون، ئەوە دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت.

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمیەكان و دابەزینی كورسەكانی پەرلەمان كە بەهۆیەوە دادو گەشەپێدان ناتوانێت بەتەنها حكومەت پێك بهێنێت، بەرپرسانی ئەو پارتە لەگەڵ پارتە براوەكانی دیكەی هەڵبژاردن كەوتنە گفتوگۆ و دانوستان، دەرگای بەشداریكردنیشیان بەرووی پارتەكانی دیكە كردۆتەوە.

سەرچاوەكانی باس لەوە دەكەن، كە بەهۆی مەرجی پێشوەختەی دادو گەشەپێدان و دروستكردنی فشار لەسەر لایەنەكانی دیكە، پێناچێت حكومەتی توركیا بەئاسانی پێكبهێنرێت.

بە پێی دەستووری توركیا ئەگەر پارتی براوەی یەكەم نەیتوانی لەماوەی دیاریكراو حكومەت پێكبهێنێت و حزبەكانی دیكەش ئامادەی هاوپەیمانی نەبوون، پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت.

 

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوا لە بەرپرسانی ئەفریقا دەكات، عومەر بەشیری سەرۆكی سودان دەستگیر بكەن كە بەسەردانێك لەشارێكی ئەو وڵاتەیە.

دوای ئەوەی عومەر بەشیر سەرۆكی سودان بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی لوتكەی یەكێتی ئەفریقا سەردانی شاری جۆهانسبێرگی پایتەختی ئەفریقای كرد، لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە، داوا لەبەرپرسانی ئەفریقیای باشوور كراوە، دەستگیری بكەن، بەڵام وڵامی داواكەی دادگای تاونی نێودەوڵەتی نەدراوەتەوە.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەپشت بەستن بەبەڵگەو دیكۆمێنتەكان و یاسا نێودەوڵەتیەكان، عومەر بەشیر سەرۆكی سودان بەوە تۆمەتبار دەكات، كە لە كاتی ململانێكانی دارفۆر لە ساڵی دوو هەزارو سێدا تاوانی جەنگی ئەنجامداوەو لەلایەن دادگاوە داواكراوە، بۆیە داوا لە ئەفریقای باشوور دەكەن بەشیر دەستگیربكات.

بەگوێرەی سیستەمی كاركردنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەو دادگایە هیچ پۆلیسێك و هێزێكی ئەمنی لە جیهاندا نییە، بەڵام پشت بە وڵاتانی ئەندام لەو رێكخراوە دەبەستێت، بۆ ئەنجامدانی هەر كارێك. هەرچەندە ئەفریقای باشوور یەكێكە لەئەندامانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دەتوانێت عومەر بەشیر دەستگیربكات، بەڵام تا ئێستا وڵامی داواكارییەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نەداوەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەتەمایە چەكی قورسو هێزی سەربازی لە وڵاتانی رۆژهەلاتی ئەوروپادا جێگیر بكاتو پاڵپشتی لە هاوپەیمانەكانی واشینتۆن لە بەرانبەر مەترسیەكانی حكومەتی مۆسكۆ بە ئامانجی گەڵاڵەكەی پینتاگۆن دادەنرێت.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، كە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە گەڵاڵەیەكی بۆ رەوانەكردنی چەكی قورسو هێزی سەربازی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا ئامادە كردووە، ئاماژەی بەوەشكراوە، كە بۆ جێبەجێكردنی گەڵاڵەكە، پێویستی بە رەزامەندی كۆشكی سپی هەیە.

پنتاگۆن لە گەڵاڵەكەیدا پێشنیار دەكات پێنج هەزار سەربازی وڵاتەكەی بە تانكو زرێپۆشو ئوتۆمبیڵی جەنگیەوە لە وڵاتانی ئیستۆنی، لیتوانی، سلۆڤینیا، پۆڵەندا، رۆمانیاو بۆڵغاریاو چەند وڵاتێكی دیكەی ناوچەی باڵتیك جێگیر بكرێن.

بەرپرسانی واشینتۆن بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، كە ئامانجی گەڵاڵەكەی پنتاگۆن بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانەیە، كە رەنگە لەلایەن حكومەتی روسیاوە بەرەوڕووی هاوپەیمانەكانی واشینتۆن لە ناوچەكەدا ببێتەوە.

چاودێرانی سیاسی هیواداران كۆشكی سپی پێشنیارەكانی پنتاگۆن پەسند نەكاتو پێیانوایە جێبەجێكردنی گەڵاڵەكە، حكومەتی مۆسكۆش هاندەدات كاردانەوەی هاوشێوەی هەبێتو بەمەش ئارامیرو ئاسایشی ناوچەكە زیاتر دەكەوێتەوە مەترسیەوەو زەرمەندی سەرەكی بارودۆخەكەش تەنها هاووڵاتیانی ئاسایی دەبن.

 

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای دەكات، لەماوەی پێنج مانگدا زیاتر لە سەد هەزار كەس روویان لە وڵاتانی ئەورووپا كردووە، بەشێكی زۆریشیان لەڕێی ئاوی دەریای ناوەڕاستەوە رۆیشتوون.

لەراگەیاندراوێكدا رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كردووە، بەهۆی نالەباری بارودۆخی ئەمنی و توندوتیژی لەناوچەكانیان، لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا، سەد هەزار كۆچبەری ناوچە نا ئارامەكانی جیهان روویان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە.

لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، زۆربەی ئەو كەسانە بەڕەگەز هاووڵاتی ئەفریقیای باشوورن و لەنێوانیشیاندا ژمارەیەكی زۆری ئافرەت و منداڵ هەن، بەشی زۆرشیان لەڕێگای ئاوی دەریای ناوەڕستەوەو لەنزیك یۆنان و ئیتاڵیا خۆیان گەیاندۆتە وڵاتانی ئەوروپا.

هاوكات رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەران رایگەیاندوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا كۆتایی مانگی پێنج، پەنابەران بەڕێژەییەكی زۆر روویان لە ئەوروپا كردووە، هەر دوو وڵاتی ئیتاڵیاو یۆنانیش زۆرترین ژمارەی كۆچبەریان وەرگرتوە.

رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشكردوە، بە بەراورد بەساڵی دوو هەزارو چواردە، رێژەی كۆچبەران روو لەزیادبوونە، بەتایبەت هێشتا لەسەرەتاكانی ساڵی 2015 داین.

چەكدارانی حوسی بە كۆنترۆڵكردنی شارێكی دیكەی یەمەن لە سنوورەكانی سعودیە نزیك دەبنەوەو فڕۆكەكانی سعودیە و هاوپەیمانەكانیشی لە هێرشە ئاسمانیەكانیان بەردەوامن.

ئاژانسە عەرەبیەكان رایانگەیاند، چەكدارانی حوسیو هاوپەیمانەكانیان، سەرەڕای بوردوومانی فڕۆكە جەنگیەكان، رۆژی یەكشەممە توانیویانە شاری حەزم، ناوەندی پارێزگای جوف لە باكووری یەمەن كۆنترۆڵ بكەن و لە سنوورەكانی سعودیە نزیك ببنەوە.

سەرچاوە سەربازیەكانی سعودیەش ئاشكرایانكرد كە بۆ پێشگیری كردن لە هێرشە مووشەكیەكانی حوسیەكان بۆ ناو خاكی وڵاتەكەیان رێوشوێنی سەربازی نوێیان لە سنوورەكانی وڵاتەكەیان گرتووەتەبەر. ئاماژەیان بەوەشكردووە، كە هێرشە ئاسمانیەكانیان بۆ سەر بنكەكانی حوسیەكانو هێزەكانی لایەنگری عەلی عەبدوڵلا ساڵح چڕتر كردووەتەوە.

پەرەگرتنی ئاڵۆزیەكانی یەمەن لە كاتێكدایە كە بڕیارە رۆژی دووشەممە 15ی حوزەیران 2015 لایەنە پێكناكۆكەكانی یەمەن بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی ئەو وڵاتە لە كۆنفرانسێكدا بە سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە شاری جنێف كۆببنەوە.

بەپێی ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان لە دەسپێكی هێرشە ئاسمانیەكانی سعودیەو هاوپەیمانەكانیەوە بۆ سەر حوسیەكانی یەمەن، تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزارو دووسەد هاووڵاتی یەمەنی گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە (10) هەزاری دیكەش بریندار بوون.