سەرۆکی لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەسرە رایگەیاند: لیژنەکەیان سێ پلانی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی تایبەت بە پارێزگای بەسرە لەبەردەستە.

جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق و هاوكات سەرۆکی راسپێردراوی حکومەتی عێراق بۆ لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەسرە-شە بە میدیا عێراقیەكانی راگەیاند، لیژنەکەیان سێ پلانی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی تایبەت بە پارێزگای بەسرە لەبەردەستە، کە خزمەتگوزارییەكان پێكهاتووە لە، ئاو، كارەبا، تەندروستی، خزمەتگوزاری گشتی و ئاسایش دەگرێتەوە و لەماوەی دوو هەفتە تاوەكو مانگێك جێبەجێدەكرێن.

لعێبی وتیشی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوێریی ئاوی خواردنەوە، یەکەیەکی تایبەت بە شیرینکردنی ئاو بۆ بەسرە دادەمەزرێنن کە رۆژانە سێ هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات.

ئەمەش لە كاتێكدایە، چەند رۆژێكە خۆپیشاندان لە چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجامدرا، لە هەندێ لە خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی کەوتەوە، چەند هاوڵاتیەك كوژران و برینداربوون. 

ئ.ح

رێناس گەرمیانی

بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو تیرۆركردنی ئەفسەرێكی هاتوچۆی لە پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە راگەیاند.

محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو بە (رێگای كوردستان)ی راگەیاند، لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە كە جلی سەربازییان لە بەردابووە وئۆتۆمبیلێكی جۆری فۆردی رەنگ سپییان پێی بووە دەسترێژی گوللەیان لە ئەفسەرێكی هاتوچۆ لە سەر رێگەی سەرەكی بەغدا تكریت كردووە.

محەمەد فایەق راشیگەیاند، ئەو ئەفسەرە تیرۆركراوە ناوی شەعیب عەراك خەرەجییە و دوای ئەو رووداوەش ئەو چەكدارانە بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵهاتن ولێكۆڵینەوەش لەو بارەیەوە لەلایەن هێزە تەناهییەكانی ناوچەكەوە دەستی پێكردووە وهیچ زانیارییەكیش دەربارەی ئەو چەكدارە نەناسراوانە گەیشتۆتە دەست هێزە تەناهییەكان.

لە پێنج پارێزگای تورکیا، ئۆپەراسیۆن بە مەبەستی دەستگیرکردنی 235 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی لە رێکخراوی عەدنان ئۆکتار، ئەنجامدرا و تیایدا ئۆكتار، کەسایەتی ناسراوی تورکیا، کە خۆی بە بانگخوازێکی ئایینی ده‌زانێت و سەرۆکی گروپێکی ئیسلامی بوو بە ناوی جەماعەی تورکی، ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 11ی ته‌مموزی 2018، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئۆپەراسیۆنی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئه‌ستنه‌بوڵ، بە مەبەستی دەستگیرکردنی ئەندامانی رێکخراوی عەدنان ئۆکتار درێژەی هەیە. 

ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵ ئاشكرایكرد كه‌ لێکۆڵینەوە لە ئەندامانی رێکخراوەکە له‌سه‌ر ئه‌م تۆمه‌تانه‌یه‌: دامەزراندنی رێکخراو لە پێناو ئەنجامدانی تاواندا، دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر منداڵان، پەلاماردانی سێکسیی، پەیوەندیی سێکسیی لەگەڵ نەوجەواناندا، رفاندن یان دەستبەسەرکردنی منداڵان، گێچەڵی سێکسی، زەوتکردنی ئازادی تاکەکان، سیخوڕیی سیاسیی و سەربازیی، فێڵکردن لەڕێگەی بەکارهێنانی بیروباوەڕی ئایینی، سپیکردنەوەی پارەی تاوانەکان، پێشێلکردنی نهێنی ژیانی تایبەت، ساختەکاریی لە دۆکیومێنتی فەرمییدا، پێشێلکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەڕەشە، زۆرلێکردن، تۆمەت هەڵبەستن، سارکردنەوەی خەڵک لە خزمەتی سەربازیی، سووکایەتیکردن، هەڵبەستنی تاوان، شایەتی درۆ، هەڵخەڵەتاندنی بە پلان، پێشێلکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی، پێشێلکردنی یاسای باج، بەرتیل، رێگرییکردن لە مافی پەروەردە و فێرکردن، ئازاردان، تۆمارکردنی زانیاریی تاکە کەسیی، رێگرییکردن لە بەکارهێنانی مافە سیاسییەکان، پێشێلکردنی یاسای پارێزگارییکردن لە خێزان و رێگرییکردن لە توندوتیژیی دژی ژنان" دەگرێتەوە.

ئۆکتار بەمەلا جیاوازەکەی تورکیا ناسراوە، چونکە بەر لە هەر وتارێکی کۆمەڵێک کچ کە نازناوی (بێچوە پشیلەکان)ی ئۆکتار ناسراون بە نیمچە ڕوتی سەما دەکەن و دواتر ئۆکتار لەسەر یەکێک لەبابەتە کۆمەڵاتی و ئایینییەکان دەدوێت. 

عەدنان ئۆکتار کە بە "هارونە یەحیا"یش ناسراوە و بانگەشەی بانگخوازی ئایینی بەشێوازێکی جیاواز دەکرد، لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا.

عەدنان ئۆکتار، دامەزرێنەر و سەرۆکی گروپێکی ئیسلامی بوو بە ناوی جەماعەی تورکی، ئەم گروپە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی رۆژ دەدات سەبارەت بە ئایینی ئیسلام.

رێناس گەرمیانی

ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ لە ناوبردن وكێوماڵكردنی چەكدارانی داعش لەلایەن هێزە عێراقییەكانی سنوری شارۆچكەی خورماتوو ئەنجامدرا.

محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو هەواڵەكەی پشت راستكردەوەو بە (رێگای كوردستان)ی راگەیاند، بەمەبەستی لە ناوبردنی چەكدارانی داعش لە ناوچەكە وكێوماڵكردنیان، رۆژی 12/7/2018 هێزە عێراقییەكان لە سنوری شارۆچكەی خورماتوو ئۆپراسیۆنێكی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامدا.

فایەق راشیگەیاند، لەو ئۆپراسیۆنەدا توانرا دەست بە سەر ئەو ناوچانەدا بگرن وپاكی بكەنەوە كە چەكدارانی داعش لێیەوە پەلاماری هاوڵاتییان دەدا ومەترسییان بۆ سەر ناوچەكە درویت كردبوو وتاكو ئامادەكردنی ئەم هەواڵە ئۆپراسیۆنەكە بەردەوامە.

وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومەتی عێراق ئاماده‌كاری بۆ جێبه‌جێكردنی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له‌ ساڵی 2020دا ده‌كات.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 11ی تەموزی 2018 وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومەتی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگەیاند، "ده‌زگای ناوه‌ندیی ئامار له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان به‌شداری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، له‌ رۆژی جیهانی دانیشتواندا كه‌ 11ی تەموزه‌ كه‌ هاوکاتە له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له‌ ساڵی 2020دا".

وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومەتی عێراق لە بەیاننامەكەدا، "هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ دانیشتوانییه‌ تازه‌كان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، رێژه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی دانیشتوان به‌ئاڕاسته‌ی دابه‌زین ده‌ڕوات، به‌ تایبه‌ت له‌ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی رابردوودا، ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی پشتكردنی خێزانانه‌كانه‌ له‌ مناڵخستنه‌وه".

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه‌شده‌كات، "رێژه‌ی رێگریكردنی ژنان له‌ مناڵبوون له‌ ته‌مه‌نی منداڵبووندا گه‌یشتوەته‌ 60%، به‌ڵام رێژه‌ی رێگریكردن له‌ مناڵبوون له‌ ته‌مه‌نی منداڵبووندا به‌ گوێپێنه‌دان گه‌یشتۆته‌ 8%، به‌ڵام رێژه‌ی منداڵبوون له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجێتی سه‌ره‌تاییدا گه‌یشتۆته‌ 2%".