ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەلال عەبدول بابانی قایمقامی خورماتوو لەدیمانەیەكدا لەگەڵ رێگای كوردستاندا قسە لەسەر چەند باسێكی ئەمنی و سیاسی شارەكەو پەراوێزخستنیان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە دەكات عومەرئاوارە

 

رێگای كوردستان: لەمدواییەدا رووداوە تیرۆرستییەكان لەخورماتوو روویان لەزیادبوون كردووە، هۆكاری ئەو زیادبوونە چییەو دوایین هەنگاوتانیش چییە بۆبنبڕكردنی ئەم دیاردەیە؟        

شەلال عەبدول: لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تاكو ئێستا رووداو و كردەوە تیرۆرستییەكان بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان كەدەگاتە دەستمان لاوازییەك لەئەدای دەزگا ئەمنی وهەواڵگرییەكاندا لەوردبوونە لەزانیارییە ئەمنییەكاندا هەیە، هەر ئەوەش بووەتە هۆكاری ئەوەی بۆشایی ئەمنی لەناو شارۆچكەكەو دەوروپشتی دروست بێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەناو شارۆچكەكەدا لایەنێك نییە كەبتوانێت دەست بەسەر ئەم وەزعەدا بگرێت، بەهۆی جۆری هێزە ئەمنییەكان كەهەماهەنگی لەنێوانیاندا نییە. لەدوای كەوتنی پارێزگای سەڵاحەدین بەدەستی داعش وەزعی ئەمنی شارۆچكەكە لەگەڵ هاتنی هێزی پێشمەرگە باشتربوو، ناڵێم وەزعی ئێستای خورماتوو باشترە، بەڵام بەجیاوازی لەگەڵ ساڵانی پێشوو باشترە، هیوادارین لەهەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند ئاوڕ لەشارۆچكەكەمان بدەنەوە و داواكارییەكانمان جێبەجێبكەن، بۆئەوەی بتاوانین لەڕێگەی خۆمانەوە وەزعی ئەمنی شارۆچكەكە باشتر بكەین.                                   

رێگای كوردستان: بەپلەی یەكەم كێ لەئێستادا ئەمنییەتی شارەكە دەپارێزێت هێزی پێشمەرگە یاخود هێزە تەناهییەكانی خورماتوو؟                                        

شەلال عەبدول: ئەو جێگایانەی كەوتوونەتە سەر ئەستۆی هێزەكانی پێشمەرگە دەرەوەی شارۆچكەكەیەو دۆسێی ئەمنی ناوخۆی شارەكە لەئەستۆی هێزەكانی پۆلیسەو هێزەكانی پۆلیسیش لەو پەڕی لاوازیدان، بەڵام هەماهەنگیەك لەنێوان هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە لەسەنتەری شارەكە جێگیربوونە. پاراستنی ئەمنییەتی شارەكە لەئێستادا لەلایەن پۆلیسەوە بەهاوكاری هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت.        

رێگای كوردستان: سەرەڕای ئەوەی ئاماژە بە باشتربوونی وەزعی ئەمنی شارۆچكەكە دەكەن، بەڵام رۆژانە كاری تیرۆریستی تێدا ئەنجامدەدرێت، هەوڵەكانتان چییە بۆبنبڕكردنی ئەو دیاردەیە؟    

شەلال عەبدول: ئێمە رۆژانە لەهەوڵی ئەوەداین كە ئەم دیاردەیە بنبڕبكەین، بەڵام كێشە رۆژانییەكان و تەقینەوەو كاری تێكدانی ئاسایشی شارەكە كەماوەیەكی دوورو درێژە شارەكە بەدەستییەوە دەناڵێنێت بە ڕۆژو دوو ڕۆژ چارەسەر ناكرێت. وای بۆدەچم كەكارە تیرۆرستییەكان بەرەو زیاتر دەچن و ئەوەشی بەئێمە بكرێت بۆپاراستنی ئەمنییەتی شارەكە درێغی لێناكەین.   

رێگای كوردستان: لاوازییەك لەجێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ناو شارۆچكەی خورماتوودا هەیە، هۆكاری ئەو لاوازبوونە چییەو چارەسەرتان چییە؟                 

شەلال عەبدول: شارۆچكەی خورماتوو بەشێكە لە پارێزگای سەڵاحەدین، پارێزگای سەڵاحەددینیش یەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەساڵانی 2013-2014 پێشكەش بە خورماتوو نەكردووە، تەنها پرۆژەی نۆژەنكردنەوەیەك نەبێت، كە پارەی تەرخانكراوی 500 ملیۆن دیناربوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەئێستادا كۆمەڵێك پڕۆژە لەژێر دەستماندایە، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخە نالەبارەوە، كە ئێستا بەسەر عێراقدا هاتووە هەمووی وەستاوە.                                      

رێگای كوردستان: سەبارەت بەكێشەو گرفتەكانی شارۆچكەی خورماتوو، ئایا سەردانی هیچ لایەن وبەرپرسێكی ئیداری وحزبیتان كردووە و لەو سەردانەتاندا چیتان دەسكەوتووە؟           

شەلال عەبدول: بەڵێ لەمدواییەدا سەردانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقمان كرد و ئەو سەردانە بۆئێمە بەرهەمهێنەربوو، هەروەها سەردانی بەرێز فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراقمانكرد و لەڕێگەی نووسینگەی سەرۆك كۆمارەوە سەردانی هەریەك لەوەزیری دارایی و وەزیری نەوتمان كرد، سەرەڕای سەردانییەكانمان بۆلای ژمارەیەك وەكیل وەزیرو لەكۆی ئەو سەردانەمان ژمارەیەك داواكاری و پێشنیارمان ئاراستەیان كرد و بەئومێدی ئەوەم ئەو داواكاری و پێشنیارەمان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.                                 

رێگای كوردستان: ژمارەیەكی زۆری دەرچووان بێكاران و لەشارۆچكەكە هەن، وەكو ئیدارەی شارۆچكەكە چیتان بۆیان كردووە و هەوڵی چیتان بۆیانداوە؟                       

شەلال عەبدول: دەسەڵاتەكانی ئێمە وەكو قایمقامیەت سنوردارە، دامەزراندن و چارەسەركردنی كێشەی ئەو دەرچووانە لەئەستۆی وەزارەتەكاندایە، ئێمە هەرجارێك سەردانی وەزارەتێكمان كردبێت كۆمەڵێك داواكارییمان سەبارەت بە دامەزراندن ئاراستەیان كرووە، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو دامەزراندنە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە كە بۆشاری خورماتوو دێت، تەنها یەك نەتەوە سودمەند دەبێت لێی و نەتەوەكانی دیكە بەتایبەت كوردی لێی بێبەشدەكرێت. سیستەمی دامەزراندنی وەزارەتەكان یەكسانی نییە، بۆیە ئێمە خوازیارین لەحكومەتەكەی حەیدەر عەبادی كە لەكاتی دامەزراندندا هەموو لایەك بەیەك چاو تەماشا بكەن و لەگەڵ ئەوەشدا بڕوا ناكەم لەساڵی 2015 دامەزراندن دەست پێبكاتەوە.                                        

رێگای كوردستان: وەكو ئیدارەی شارۆچكەكە لەگەڵ ئەوەدان شارۆچكەكەتان لەسەر پارێزگای سەڵاحەددین بمێنێت، یاخود بگەڕێتەوە سەر پارێزگای كەركوك؟ ئەگەریش لەسەر پارێزگای سەڵاحەددین مایەوە وەكو شارۆچكەی خورماتوو چ سودێك لەو پارێزگایە دەبینن؟          

شەلال عەبدول:- چەند لایەنێك هەن داوای ئەوە دەكەن كە شارۆچكەی خورماتوو لەسەر پارێزگای سەڵاحەدین بمێنێت و لایەنی دیكەش هەن داوا دەكەن خورماتوو بكرێتە پارێزگا، بەڵام رێژەیەكی زۆر داوای گەڕانەوەی شارۆچكەكە بۆسەر كەركوك دەكەن، كە پێشتر خورماتوو لەسەر پارێزگای كەركوك بووە و بەبڕیاری ژمارە 41ی ساڵی 1976 ئەنجومەنی قیادەی شۆڕشی بەعسی فاشی لەكەركوك دایبڕاندو لكاندییەوە بەپارێزگای سەڵاحەدینەوە. ماوەیەك بەر لەئێستا 21 ئەندامی ئەنجومەنی شارۆچكەی خورماتوو لەكۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەن سەبارەت بەگەڕانەوەی شارۆچكەی خورماتوو بۆسەر پارێزگای كەركوك داواكارییەكیان واژوّكرد و ئێمەش وەكو قایمقامیەتی شارۆچكەی خورماتوو پشتگیریمان لێكرد.                                  هەمان داواكارییمان ئاراستەی هەریەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و كوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام تاكو ئێستا وەكو خۆی ماوەتەوە و نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.                                                

رێگای كوردستان: شارۆچكەی خورماتوو تاكە شارۆچكەی پارێزگای سەڵاحەددینە كەداعش نەیتوانی داگیریبكات، چ شتێك وایكرد، كەداعش نەتوانێت لە شارۆچكەكە نزیك ببێتەوە؟            

شەلال عەبدول: ئەو شوێنانەی كەهێزەكانی پێشمەرگە لێی جێگیربوون داعش نەیتوانی داگیریبكات، ئەمەش ئازایەتی و قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگە دەگەیەنێت، خەڵكی شارۆچكەی خورماتوو و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ نزیكبوونەوەی داعش لەناوچەكە رووبەڕووی بوونەوەو نەیانهێڵا دەستی بگاتە نێو خورماتوو بەرپەرچیان دایەوە.