ھاوڕێیانی تێکۆشەر لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
 
بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی تێکۆشەر کە دەکەوێتە ١٢/١٢، سڵاوی تێکۆشان و خەباتی حزبی شیوعی کوردستان بە سەرکردایەتی و کادیر و ئەندامان و لایەنگرانی حزبی زەحمەتکیشان ڕادەگەیەنین،و دوپاتی خەباتی ھاوبەشی لەمێژینە و بەردەوامی ھەردوو حزب لە پێناوی نیشتیمان و مافی ڕەنجدەر و زەحمەتکێشانی گەلی کوردستان دەکەینەوە.
پەیوەندی تێکۆشەرانەی ھەردوو حزب لە ساڵانی پێشمەرگایەتی و تێکۆشانی چەکداری بناغەی بتەوی پەیوەندی دوو قۆڵی داناوە، و بۆچونە ھزرییەکانی ھەردوو حزبیش لە چوارچێوەی بیری چەپ و پێشکەوتنخواز گەشە و پەرەپێدانێکی چلۆنایەتی لە کاری ھاوبەشدا ئەنجام داوە کە بێگومان دەبێتە پێگەیەکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی ھێز و کەسایەتی چەپ و پێشکەوتنخواز لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی نیشتمانی — چینایەتی کوردستانی کە لەگەڵ پێداویستی قۆناغی رزگاریخوازی نیشتمانیدا بگونجێت و ڕۆڵی چەپ کاراتر و کاریگەرتر لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بکات.
سەرکەوتن بۆ تێکۆشانی ڕەوای گەل لە پێناوی ئازادی و وەدەسھێنانی سەرجەم مافەکانی.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
کانوونی دووەمی ٢٠٢٠

 

لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوەخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و بەرپرسی یەکەی ئیدارە سەربەخۆکان، لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە.

دەقی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا:

  1. دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
  2. قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.
  3. قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی - ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/7) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت.
  4. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.
  5. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
  6. دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.
  7. بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

8.لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان تا رۆژی (2021/1/7) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.

  1. بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/7) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.
  2. راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان (مزگەوت، کلێسە و هۆڵی بۆنەکان) بە مەبەستی پابەندکردنیان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
  3. دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (52) لە (2020/10/24).

ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (2020/12/2) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێکەوتە لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتووێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.

نیزام شه‌بیب 

له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین، كرێكارێك له‌كاتی كاركرندا تایه‌ی ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵگر پێدا ته‌قییه‌وه‌ و گیانی له‌ده‌ستدا.

عه‌لی قه‌دوری،وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان بۆ ڕێگای كوردستان وتی: ئێوارەی دوێنێ، لە گوندی ساڵح ئاغا سەربەناحییەی قۆرەتوو لەکاتی پەنجەری کردن و تێکردنی هەوا تایەی ئۆتۆمبێلێک بەدوکاندارێکی ڕۆنگۆڕدا دەتەقێتەوەو پاش گەیاندنی بەبەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار گیانی لەدەستدا.

وتیشی : ئەو هاوڵاتیە لەنەتەوەی عەرەبە و بەناوی (عمارکامل منصور) لەدایکبووی 1971 .

شیعری ( یەکەمجار کە هاتن (

یەکەمجار بۆ کۆمۆنیستەکان هاتن

من هیچ قسەیەکم نەکرد

چونکە من کۆمۆنیست نەبووم

دواتر بۆ سۆشیالیستەکان هاتن

من هیچ قسەیەکم نەکرد

چونکە من سۆشیالیست نەبووم

پاشان بۆ کرێکارەکان هاتن

من هیچ قسەیەکم نەکرد

چونکە من کرێکار نەبووم

پاشان بۆ جولەکەکان هاتن

من هیچ قسەیەکم نەکرد

چونکە من جولەکە نەبووم

دواجار بۆ منیش هاتن

بینیم هیچ کەسێک لەوێدا نەماوە

تا قسەیەک بۆ من بکات …!

مارتن نیمۆلەر

 

_ تێگەیشتنێک بۆ فاشیزم :

فاشیزم ئایدیۆلۆژییەکی ئالۆز و فرە ڕەهەندە ، فۆرمێکە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات ، ڕەگی فاشیزم لە نێو ئایدیۆلۆژییاکان بەتایبەت ، ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستیی چەکەرە دەکات ، هەر ئایدیۆلۆژیایەک کاتێک دەگاتە ئاستی دۆگمایی فاشیزم بەرهەم دەهێنێ ، بەمانای ( ئایدیۆلۆژیا / دۆگما / فاشیزم ) . دەسەڵاتی فاشیزم دەسەڵاتێکی عەسکەرتاری تاکڕەوانەیە ، باوەڕیان بە یەکسانی و دادپەروەری نییە . لە ڕێگەی توندوتیژییەوە مامەڵە لەگەڵ نەیارەکانییان دەکەن و تاکەکانی کۆمەڵگە سەرکوت دەکەن ، فاشیزم زۆرجاران بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان ( شەڕ ) بە باشترین ئۆپشن و چارەڕێگە دەزانن ، کاریان بەوە نییە لە ئاکامدا چ کاولکارییەک و قەسابخانەیەکی لێدەکەوێتەوە لەمبارەوەش / کەمنین نموونەی کاولکارییەکان و کۆمەڵکوژییەکان ، ( هۆلۆکۆست و جینۆساید ) لە مێژووی فاشیزم هەمیشە دووبارە دەبنەوە ، لە سەرەتا لە ساڵی ( ١٩٢٢ _ ١٩٤٥ ) فاشیزم لە ئیالیا بە ڕابەرایەتی مۆسۆلینی سەریهەڵدا ، پارتی فاشیستی نەتەوەیی پێکهێنا ، دواتریش لە ئەلمانیا ، بە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی ، لە ٥ی جانیوەری ( پارتی کرێکارانی ئەلمانیا ) دادەمەزرێ ، هیتلەر لە ١٦ی سیپتەمبەر دەبێتە ئەندامی ئەم حیزبە ، لە ٢٤ی فێبروەری ئەم حیزبە لە پلاتفۆرمێک ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ ( پارتی کرێکارانی ناسیۆنال سۆسیالیستی ئەلمانیا ) ، دواتر دەبێت بە ( حیزبی نازی ) ( ١٩٣٠ _ ١٤٣٥ ) . هیتلەر لە ساڵی ١٩٢١ دەبێتە سەرۆکی ئەم حیزبە ، بە شێوەیەکی ئاسایی هەموو فاشیستێک دیکتاتۆرە بەڵام ، مەرج نییە هەموو دیکتاتۆرێک فاشیست بێت . لە سەرەتا فاشیست بوون ناوێک و شوناسێکی ئاسایی بوو بەڵام ، دوای کارەساتی ( هۆلۆکۆستی جولەکەکان ) کە ، شەش ملیۆن مرۆڤ تیابوونە قوربانی ، دوای ئەوە بوو بە شوناسێکی شووم ، بەدوای ئیتالیا و ئەلمانیا ، فاشیزم پەڕییەوە بۆ هەندێک .لە وڵاتانیتر وەک ئیسپانیا ، ئەرجەنتین و زۆریک لە وڵاتی تریش ، فاشیزم تاکو ئەمرۆش بە ماسکی جۆراوجۆر درێژەی هەیە .

_ ئەدەب و فاشیزم

پێشتر لە وتارەکانیترمان / بە درێژی باسی پەیوەندییەکانی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) مان کردووە ، لەم بەشە زێتر باسی پەیوەندییەکانی نێوان ( ئەدەب و فاشیزم ) دەکەین ، گوتاری ئەدەبی و گوتاری فاشیستی بە دوو ئاراستەی پێچەوانە ڕێدەکەن ، هەروەکو گوتمان ، فاشیزم لەسەر توندوتیژی و سەرکوتکردن و کوشتن و تۆقاندن ، درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات ، پەیوەندییەکان لە فاشیزم ناڕێک و نا تەندروستن ، چ پەیوەندی نێوان تاکەکان یان پەیوەندی نێوان دەسەڵات و تاک ، هەروەها بە تێزی حەقیقەتی ڕەها ئیشدەکەن ، واتە هیچ نرخێک بۆ باوەڕی ئەوانیتر دانانێن ، هەروەک ئەوەی کە دەڵێن ( گەر لەگەڵم نەبیت _ دوژمنی منیت ..! ) ئەمە بیرکردنەوە و ئاراستەیەکی فاشیانەی لە پشتە .. بەڵام ئەدەب ڕێک پێجەوانەی فاشیزمە ، ئەدەب ئامانجی گەیشتنە بە جوانی و هەوڵدانە بۆ گەیشتنی ژیان بە کەناری ئارامی، هەروەها گەڕاندنەوەی هەموو سەروەرییەک بۆ مرۆڤ ، لە نێو ئەدەب چ پەیوەندی تاکەکان یان پەیوەندی نێوان دەسەڵات و تاک پەیوەندییەکی تەندروستن ، حەقیقەتی ڕەها بوونی نییە ، بەڵام لە فاشیزم بوارێک بۆ کەناری ئارامی و پێکەوە ژیان نامێنیتەوە ، لە جیاتی پێکەوە ژیان / ملکەچبوون و دەستەمۆیی ڕەواجیان هەیە . هەر نووسەرو شاعیرێک گەر بە ئاگاهانە بەرگری لە فاشیزم بکات ، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک ( ئەدەب و شیعر ) و داهێنانەکانی دەکەونە ژێر پرسیارەوە ، تەنانەت گەر لەنێو ئەدەبەکەشی بەم ئاراستە کاریی نەکردبێت .. دەکرێ لەم ڕاستایە باسی ( ئەزرا پاوەند ) بکەین ، کە نووسەر و شاعیرێکە لاینگر و بەرگری لە فاشیزمی ئیتالیا کردووە ، پاوەند قسەیەکی هەیە دەڵیت ( ئەگەر کەسێک ئامادەیی موجازەفەکردنی نەبێت لەنێو بیرکردنەوەکانیدا ، ئەوا ئەوکەسە یان بیرکردنەوەکانی نرخێکی ئەوتۆیان نییە یان خۆی ) ، ئەمجۆرە بیرکردنەوانە لە بنەڕەتدا بیرۆکەی فاشیزمی بەرهەم دەهێنن ، هەرچەندە ( ئەزرا پاوەند ) شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەر بووە ، کاریگەری بەرچاوی هەبووە لە نێو ئەدەبی ئەمریکی و پێگەیاندنی زۆرێک لە نووسەرانی سەردەمی خۆی و داهێنانی قوتابخانەی ( وێنەیی ) و .. . لای خۆشمان کەمنەبوون ئەو نووسەر و شاعیرانەی بەباڵای ( سەدام حوسەین ) یان دا هەڵدەدا و هانیاندەدا ، لە کۆمەڵکوژی و توندوتیزییەکانی بەردەوام بێت ، یان ئەو نووسەر و پیاوە ئایینیانەی لە مینبەرەکان بە گوتارەکانییان پاڵپشتییان لە ( ئۆردوگانی فاشیست ) دەکرد ، بۆ کۆمەڵکوژییەکانی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا . ئەوانە پێبزانن یان نا ، بە ئەدەب و گوتارەکانییان خزمەتییان بە فاشیزم کردووە . ڕەنگە ئەو شیعرەی ( مارتن نیمۆلەر ) ، کە لە دەسپێکی ئەم وتارە نووسیومانە ، ئەم ( ڕەشبگیرییە ) و ( کۆمەڵکوژییە ) ، باشترین وێنە بێت ، کە سیمای فاشیزمی بە ڕۆشنی تیا بخوێنینەوە .

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پشتبەستن بە ئەنجامی لووتکەکەی بەرلین، بڕیارێکی پەسەندکرد کە تیایدا داوای پابەندبوون بە ئاگربەست لە لیبیا دەکات.

بەدەستپێشخەری تورکیا و رووسیا لە ١٩ی مانگی رابردوودا بە بەشداری ١٢ وڵات، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا، یەکێتیی ئەفریقا و کۆمکاری عەرەبی به‌ ئامانجی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی له‌ لیبیا و ده‌ستپێكردنی قۆناغی سیاسی له‌و وڵاته‌دا لووتکەیەکی نێودەوڵەتی له‌ به‌رلین سازكرا و دواتر راگەیەندراوی کۆتایی بڵاوکرایەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوەکەدا داوا كرا لایه‌نه‌كان پابه‌ندبن به‌ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست و بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تایبەت بە قه‌ده‌غه‌كردنی ناردنی چه‌ك بۆ لیبیا، هه‌روه‌ها وڵاتانی دیكه‌یش ده‌ستوه‌ردان و چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له ليبيا بوه‌ستێنن.

بڕیارەکە بەژمارە "٢٥١٠ " لەلایەن ١٤ وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەنگی لەسەر دراوە و رووسیا نەبیت کە دەنگی لەسەر نەداوە.

لای خۆیەوە باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە تەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبێنزیا پەسەندکردنی بڕیارەکەی وەک راکردنێک لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی لەقەڵەم داو و گوتی: "باشتربوو بەرلەم بڕیارە، چاوەڕاوانمان بکردبایە تا لیژنەی هاوبەشی سەربازی حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا و خەلیفە حەفتەر لەمیانی کۆبوونەوەکانی نێوانیاندا، دەگەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئاگربرست و دواتر ئێمە بە بڕیارێک پاڵپشتیمان لێ دەکرد".

لە بڕیارەکەدا داوا لە لایەنەکانی لیبیا کراوە کە گرنگە پابەندی ئاگربەست بن، جگە لەوەش داوا لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە پابەندبن بە بڕیاری قەدەغەکردنی ناردنی چەک بۆ لیبیا بەپێی بڕیاری ژمارە "١٩٧٠" بۆ ساڵی ٢٠١١ .

هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بڕیارەکەیدا، ئیدانەی ئەو گەمارۆییەی کردووە کە بەم دواییانە لەلایەن هێزەکانی خەلیفە حەفتەرەوە خراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی لیبیا و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە لەپێناو بەرژەوەندی گەلی لیبیادا، پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەو وڵاتە دەست پێبکرێتەوە.

لە بڕیارەکەدا داوا لە یەکێتیی ئەفریقا و کۆمکاری عەرەبی کراوە کە چۆنیەتی پاڵپشیتکردنیان لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا دیاری بکەن، هەروەها داوا لە لایەنەکانی لیبیاش کراوە کە بگەڕێنەوە سەر رێرەوی سیاسی بۆ ئەوەی بتوانن ناکۆکییەکانی نێوانیان بەو ئاراستەیە چارەسەر بکەن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە لایەنەکانی لیبیا کردووە کە بەتەواوی پابەندبن بە یاسای نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، نیگەرانی خۆشی لە هەمبەر زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە لیبیا نیشانداوە و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە هێشتا رەوشی لیبیا هەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هەست بە نیگەرانی دەکات لە هەمبەر ئەو چالاکییانەی کە لەوانەیە زیان بە دامەزراوە فەرمییەکانی دارایی و نەوتی لیبیا بگەیەنن و داواشی لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس کردووە کە راپۆرتێکی ورد سەبارەت بە کارەکانی لیژنەی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی بۆ لووتکەکەی بەرلین پێشکەش بە نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات.

مجموعات فرعية