ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی جیهانی لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە ١١٣ ملیۆن كەس لە ٥٣ دەوڵەتی جیهاندا بەهۆی جەنگ و روداوە سروشتییەكانەوە، ڕووبەڕووی برسێتییەكی زۆر بوونەتەوە.

رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی جیهانی (فاو) لە راپۆرتی جیهانی خۆیدا سەبارەت بە قەیرانی خۆراك و برسێتی لە ساڵی ٢٠١٩دا رایگەیاند، یەمەن و كۆنگۆی دیموكراسی و ئەفغانستان و سوریا لەناو هەشت دەوڵەتدا نزیكەی دوو لەسەر سێ دانیشتوانەكەی ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی بوونەتەوە لە جیهاندا.

فاو ئاماژەی بەوەكردووە، قەیرانەكان و نەبوونی ئەمن و ئاسایش دوو هۆكاری سەرەكی برسێتین، ئەوە سەرەڕای قەیران و كێشە ئابورییەكان و بومەلەرزە و گۆڕانە كتووپرەكانی كەش و هەوا، وەك وشكەساڵی و لافاو.

لە ڕاپۆرتەكەدا زیاتر بارودۆخی ئەو وڵاتانە دەرخراوە كە پێشوازیان لە ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەران كردووە، بە تایبەت بەنگلادش كە زیاتر لە ملیۆنێك پەنابەری موسڵمانی كەمینەی ڕۆهنگای لە میانمارەوە بۆ هاتووە و دەوڵەتانی هاوسێی سوریاش كە پێشوازیان لە چەندین ملیۆن لە هاوڵاتیانی سوریا كردووە، كە بەهۆی جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە ئاوارەی ئەو وڵاتانە بوون.