ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاسۆ ده‌وڵه‌ت- سوید

به‌بۆنه‌ی 73 هه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سیمینارێك بۆ هاوڕێ ئه‌بو تارا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان كه‌ ناسراوه‌ به‌ مه‌لا محه‌مه‌دی جوانرۆیی و دكتۆر ئیدریس ئه‌حمه‌دی به‌ڕێوه‌برا له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ئێسكلستونا ی حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانه‌وه‌، كه‌ سه‌ره‌تا به‌ سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب و ساتێك وه‌ستان به‌بێ ‌ده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، ده‌ستپێكرا و پاشان ووتاری ڕێكخراوه‌كه‌ پێشكه‌شكرا به‌و بۆنه‌یه‌وه. ڕێكخراوی حزبی شیوعی كوردستان له‌ سوید بروسكه‌ی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی ئه‌و حزبه‌ كرد به‌و بۆنه‌یه‌وه‌.

هاوڕێ ئه‌بو تارا كه‌ به‌ مه‌لا محه‌مه‌دی جوانڕۆیی ناسراوه‌ له‌ناو شۆڕشگێڕانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، سه‌ره‌تا ‌پیرۆزبایی 73 ساله‌ی دامه‌زراندنی حزبی دیموكراتی كوردستان كردوو 25 ی گه‌لاوێژ ی له‌ هه‌مووان پیرۆزكرد و ئاماژه‌ی به‌مێژووی خه‌باتی ئه‌و حزبه‌و كۆماری كوردستان كرد و ئاواته‌خواز بوو كه‌ بتوانرێت كۆماری كوردستان جارێكی تر له‌ سه‌ر خاكی خۆی دابمه‌زرێته‌وه‌و داگیركه‌رانی كوردستان ناچار بكرێن كه‌ مل بده‌ن بۆ دانپیانان به‌ مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان.

هاوڕێ ئه‌بو تارا بابه‌ته‌كه‌ی له‌ سێ ته‌وه‌ردا چڕ كردبووه‌وه‌ كه‌ به‌ ده‌ستپێكردنی شۆڕش و دامه‌زراندنی كۆمار پاشان هاتنه‌وه‌ مه‌یدان و جارێكی تر به‌رپاكردنی شۆڕش كه‌ به‌بێ وه‌ستان به‌رده‌وامه‌ له‌ خه‌بات ، هه‌روه‌ها یه‌كڕیزی و كۆكردنه‌وه‌ی ناوماڵی خۆمان له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانج و وه‌لانانی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌نگی هه‌بێت، و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ده‌بێ كاروانی تێكۆشان به‌رده‌وام بێت دژ به‌و ڕژێمه‌ كۆنه‌په‌رسته‌ی كه‌ نه‌ك هه‌ر ئێرانی وێرانكرد، به‌ڵكو ئێستا ئه‌وه‌تا عێراقیشی كاولكرد.

هه‌روه‌ها نیگه‌رانی خۆی پیشاندا له‌و كرده‌وانه‌ی كه‌ داگیركه‌ره‌كانی پارچه‌كانی كوردستان په‌یڕه‌ویده‌كه‌ن له‌ ڕێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كانیانه‌وه‌ كه‌ چۆن شاره‌ كوردنشینه‌كان وێران ده‌كه‌ن له‌ تێكڕا ڕۆژهه‌ڵات و باشورو باكور و ڕۆژئاوا.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌ ئه‌وروپادا ڕیفراندۆمی هه‌رێمێك ڕه‌تكرایه‌وه‌ كه‌ هاوكات بوو له‌ گه‌ڵ ڕیفراندۆمی باشور و دوایی بینیمان كه‌ چۆن نه‌یارانمان ئه‌وه‌یان بۆ قه‌بوڵ نه‌كرا و دواتر كاره‌ساتی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تردا به‌دواهات.

هاوڕێ ئه‌بو تارا ئاماژه‌ی به‌ سیاسه‌تی سه‌رمایه‌داری كرد كه‌ چۆن چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لان درێژه‌ پێده‌دات و سامانی ئه‌و ووڵاتانه‌ بۆ خۆیان ده‌بات له‌ پێناو مانه‌وه‌و درێژه‌ پێدان به‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و هێنانه‌ كایه‌ی گه‌نده‌ڵی وه‌ك له‌ باشور ده‌یبینین، بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی تاكه‌ كه‌س به‌ سود وه‌رگرتن له‌سامانی ووڵات بۆ چه‌ند كه‌سانێك له‌ بری ئه‌وه‌ی كه‌ سامانی ووڵات ته‌رخانبكرایه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ هاونیشتمانیان.

داو‌اكاربوو كه‌ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا پاڵنه‌ربێت بۆ زیاتر كاركردنی هاوبه‌ش و سه‌رخستنی خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاركردن پێكه‌وه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات زۆر ڕوونتره‌ وه‌ك له‌ پارچه‌كانی تر، وه‌ ئێستا دوژمنان حسابی زیاتر بۆ حزبی دیموكرات ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت زیانی زیاتری پێبگه‌یه‌نن.

له‌ دوا ووته‌یدا ئه‌وڕاستییه‌ی دوپاتكرده‌وه‌ كه‌ حزبی شیوعی له‌ ته‌مه‌نیدا سه‌نگه‌رێكی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حزبی دیموكرات هه‌بووه‌و هه‌تا ئێستاش هه‌ربه‌رده‌وام ده‌بین و هه‌رده‌م سه‌رخه‌رتان ده‌بین.

له‌ به‌شی دووه‌می سیمیناره‌كه‌دا، دكتۆر ئیدریس ئه‌حمه‌دی به‌ باسێكی مێژووی ته‌وه‌ره‌كه‌ی ده‌ستپێكرد، كه‌ ئاماژه‌ی به‌و هۆكارانه‌دا كه‌‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر خه‌باتی نهێنی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ ئه‌ندامن و كادرانی حزب كه‌ به‌ده‌ستی ڕژێمی ئێرانه‌وه‌ تیرۆركراون گه‌رچی ئه‌و حزبه‌ هه‌روه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كی ماوه‌ته‌وه‌و توانیویه‌تی به‌ده‌ستپێكردنی ڕاسان جارێكی تر گڕووتین بداته‌وه‌ به‌ خه‌بات له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌شێوازی جیاجیا چ چه‌كداری یان كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕژێمی ئیسلامی ئێران.

هه‌روه‌ها دكتۆر ئیدریس ئه‌حمه‌دی به‌راوردێكی كرد له‌ نێوان ڕژێمه‌داگیركه‌ره‌كانی كوردستان له‌ چوارپارچه‌ی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ شێوازه‌كانی خه‌بات به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نی و چه‌كداری و چۆنێتی ده‌ربرینی ناڕه‌زاییه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامی، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری ڕاسان له‌ شاخ و له‌ شار بۆ دروستكردنی فشار له‌ سه‌ر ڕژێمی ئیسلامی به‌ سود وه‌رگرتن له‌بۆنه‌ نیشتمانی و حزبییه‌كان كه‌ جه‌ماوه‌ر به‌ شێوازی جیاجیا به‌ره‌نگاری خۆیان نیشان ده‌ده‌ن.

ئیدریس ئه‌حمه‌دی پێشبینی شۆڕشێكی نوێی كرد له‌ ئێران كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ركاتێك ڕووبدات بێگومان ده‌به‌ته‌ هۆی دروستبوونی بۆشاییه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ، هه‌ربۆیه‌ گرنگیدان به‌ هه‌زی پێشمه‌رگه‌ی به‌ گرنگ زانی نه‌ك ته‌نها بۆ قۆناغی ئێستای خه‌بات به‌ڵكو بۆ دابینكردنی ئاسایش له‌كاتی ڕوودانی شۆڕشێكی نوێ كه‌ بتوانێت ئاسایشی كوردستان بپارێزێت.

سیمیناره‌كه‌ له‌ كتێبخانه‌ی گشتی شاری ئیسكلستونا به‌ڕێوه‌چوو كه‌ نزیكه‌ی سێ كاتژمێری خایاند به‌ ئاماده‌بوونی كوردستانیانی دانشتووی ئه‌وشاره‌و له‌ كۆتاییدا چه‌پكه‌ گوڵی ڕێزلێنان به‌خشرا به‌ هاوڕێ ئه‌بو تارا و دكتۆر ئیدریس ئه‌حمه‌دی.

Image may contain: 3 people, including Ibrahim Sofi Mahmoud, people standing

Image may contain: 2 people, people smiling

Image may contain: 2 people, including Ibrahim Sofi Mahmoud