ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو) سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایدەگەینێت، لە ساڵی رابردوو ژمارەی برسیان لە جیهان بۆ 821 ملیۆن كەس بەرزبووەتەوە.

لە نوێترین راپۆڕتی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو) دوێنێ سێشەممە 11ی ئەیلولی 2018 رایگەیاندووە، "زیاتر لە 151 ملیۆن منداڵ بەدەست كورتە باڵاییەوە دەناڵێنن، ئەو ژمارەیەش هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نەهێشتنی برسیەتی تاوەكو ساڵی 2030 رووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە".

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە، "بۆ سێیەم ساڵە لەسەریەك ژمارەی برسیان لە جیهان روو لەبەرزبوونەوەیە".

بەپێی راپۆرتەكە، بەشێكی چارەسەرەكە هەوڵدانی زیاترە بۆ دابینكردنی تەكنییەكانی كشتوكاڵ بە شێوەیەك زیاتر لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا بگونجێت و پاراستنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان مسۆگەربكات.

وەک لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، دیارترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ژمارەی برسیان ململانێی چەكدارییە.

بەرپرسانی رێكخراوی فاو، پێیانوایە یەمەن ئەمڕۆ بووەتە خراپترین ناوچەی قەیرانی خۆراك لەسەر رووی زەوی، شەڕی ناوخۆ كە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە سێیەكی دانیشتووانی هێناوەتە رێزی برسیان.