ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایدەگەیەنێت، نه‌وتی ئێران ده‌كه‌ینه‌ ئامانج به‌و شێوه‌یه‌ش به‌ڕاستی هه‌ست به‌ كاریگه‌ریه‌كانی ده‌كه‌ن".

نیكی هالی نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بە كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی فۆكس نیوز-ی راگەیاند، "ده‌بینین كه‌ ئێران سووریای وێرانكرد و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كات. ئێران له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات و له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كشاینه‌وه‌. پاره‌مان ده‌نارده‌ ئێران و رێگه‌مان ده‌دا به‌ درێژه‌دان به‌و هه‌موو هه‌ڵوێسته‌ خراپانه‌. سزاكانمان سه‌رله‌نوێ سه‌پانده‌وه‌. نه‌وتی ئێران ده‌كه‌ینه‌ ئامانج به‌و شێوه‌یه‌ش به‌ڕاستی هه‌ست به‌ كاریگه‌ریه‌كانی ده‌كه‌ن. ئێران هه‌ست به‌ ئازار ده‌كات له‌ ره‌وشی لاوازیدان و تا ئه‌و كاته‌ی كێشه‌ی مووشه‌كی بالیستی تاوتوێ ده‌كات و پشتیوانی بۆ تیرۆر ده‌بڕن ده‌یانخنكێنین".

نیكی هالی باسی له‌وه‌ كرد كه‌ هۆشداریان داوه‌ته‌ رژێمی سووریا، رووسیا و ئێران له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌ سووریا، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ دووجار به‌رپەرچی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی ده‌ده‌نه‌وه‌.

نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان راشیگەیاند، "دووباره‌ تاقیمان مه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ هه‌لومه‌رجه‌كان له‌ دژی ئه‌وانه‌".