ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"مانگانە ١٨٠ کەس لە ئەفغانستان بە ھۆی تەقینەوەی مین دەبنە قوربان"

سەرۆکی ناوەندی بۆ ھەماھەنگی ھەڵگرتنەوەی مین لە ئەفغانستان ئاشكرای دەكات، مانگانە، ١٨٠ کەس بە ھۆی تەقینەوەی مین لەو وڵاتە، گیان لەدەست دەدەن.

محەمەد شەھاب حەکیمی سەرۆکی ناوەندی بۆ ھەماھەنگی ھەڵگرتنەوەی مین لە ئەفغانستان بە میدیاكانی راگەیاند، بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە شەڕ و پێکدادان لە ئەفغانستان درێژەی ھەیە لە لایەکی دیکەوە تەقینەوەی مینەکانیش بەردەوامن و وتیشی: "بە زۆری منداڵان لە ئاکامی تەقینەوەی مینەکان دەبنە قوربانی".

لای خۆیەوە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ئەفغانستان، نەجیب ئاغا فەھیم رایگەیاند کە تا ئێستا توانیوویانە بە رووبەری دوو ھەزار و ٥٠٠ کلیۆمەتر چوارگۆشە ئەو وڵاتە لە مین پاک بکەنەوە.

نەجیب ئاغا فەھیم باسی لەوەشکرد، ھێشتا بە سەدان ھەزار مین و بۆمب لە ناوچەکانی ئەفغانستان چێندراون و نەتەقێندراونەتەوە و گوتیشی: "بە درێژایی ٣٠ی ساڵی رابردوو توانراوە ١٩ ملیۆن مین پووچەڵ بکرێنەوە".