ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه: "تۆمەتباران له‌ سعوودیه‌ دادگایی ده‌كرێن"

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ رایدەگه‌یەنێت، ئه‌وانه‌ی له‌ كوشتنی رۆژنامه‌وان جه‌مال خاشقچییه‌وه‌ تێوە گلاون له‌ وڵاته‌كه‌ی دادگایی ده‌كرێن. 

عادل ئه‌لجوبه‌یر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ له‌ میانی به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندێكی تایبه‌ت به‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ مه‌نامه‌ی پایته‌ختی به‌حرێن، جوبه‌یر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی دایه‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ی كوشتنی خاشقچییه‌وه ئاراسته‌ی كران.

جوبه‌یر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ كوشتنی خاشقچی بووه‌ته‌ هیستریا و به‌ به‌ڕێوه‌چوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان راستییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون. گوتی: "سعوودیه‌ جێبه‌جێكاری یاسایه‌. له‌گه‌ڵ هاوتا توركه‌كان كاره‌كان به‌رده‌وام ده‌بن".

له‌باره‌ی داواكاری توركیاش بۆ راده‌ستكردنی ئه‌و ١٨ كه‌سه‌ی ده‌گوترێت له‌ كوشتنی خاشقچیه‌وه‌ گلاون ناوبراو گوتی: "ئه‌وانه‌ی له‌ دۆسیه‌ی خاشقچیه‌وه‌ گلاون له‌ سعوودیه‌ دادگایی ده‌كرێن".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ عادل ئه‌لجوبه‌یر له‌باره‌ی داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و سعوودیه‌شه‌وه‌ گوتی: "توركیا وڵاتێكی دۆسته‌ و په‌یوه‌ندی بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی باشمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌".