ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تەنھا ھەشت رۆژ ماوە، بۆ سەپاندنی قۆناغی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەم رووەشەوە تا ئێستا ئێران نایەوێت بچێتە ژێرباری خواستە ١٢ خاڵییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ دووبارە کۆبوونەوەو رێککەوتنی نوێ و ھەڵگرتنی گەمارۆکان.

چ ئێران، چ وڵاتانی پەیوەست بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی، چاوەڕێی ئەوەن بەدیاریکراوی لە رۆژی ٤ی مانگی داھاتوودا، جگە لە گەمارۆ خستنە سەر نەوت و سیستمی بانکی ئێران، ئەمریکا دەیەوێت چ گەمارۆیەکی تر بخاتە سەر ئەو وڵاتە؟.

لە دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ٥+١ لە رۆژی ٨ ئایاری ئەمساڵ ئەمریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنە گەمارۆی ئابووری خستە سەر ئێران و ھاوکات ھەڕەشەی لە ھەموو ئەو کۆمپانیایانەش کرد کە دەیانەوێت لەگەڵ ئێران پەیوەندییە بازرگانیەکانیان پەرەپێبدەن، لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین کۆمپانیا لە بواری جیاوازەوە دەستیان لە کارەکانیان لە ئێران ھەڵگرتووە و ئەو وڵاتەیان بەجێ ھێشتووە.

ئەمە جگە لەوەی کە کاریگەری گەمارۆکان بە ئاستێک گەیشتووە کە بەھای تمەنی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە نزمترین ئاستی خۆی بگات کە ئێستا نرخی ١٠٠ دۆلاری لە سەروی ١ ملیۆن تمەنی ئەو وڵاتەیە.