ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

بڕیارە ئەمریکا دوای ده‌ستپێكردن بە قۆناغی دووەمی سزاكانی سەر ئێران، کە له‌ ٥ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات هەشت وڵات ببەخشێت لە مامەڵەی بازرگانی نەوت لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، کە یەکێک لەوانە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.

سێ به‌رپرسی عێراق  كه‌ نه‌یانویستووه‌ ناویان بڵاوبكرێته‌وه‌ رۆژی هەینی ٢ی تشرینی دووەم به‌ ئاژانسی هەواڵی رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ریكا عێراق ده‌به‌خشێت له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران، تاران و به‌غدا و دوای قۆناغی دووەمی سزاکان ئەمریکا بۆسەرئێران دەتوانن مامەڵەی بازرگانی بکەن.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌مه‌ریكا به‌ عێراقی راگه‌یاندووه‌، رێگه‌پێدراوه‌ كه‌ مادده‌ی خۆراكی و گاز و وزه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ بكات و پێویستییه‌كانی خۆی له‌و وڵاته‌وه‌ دابینبكات، ئەمەش دوای سه‌پاندنی سزاكانیش به‌سه‌ر ئێراندا، بەو مەرجەی عێراق به‌ دۆلار مامه‌ڵه‌ بكات و پاره‌ی خۆی به‌ دۆلار بدات له‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌ردوو وڵات.

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق هه‌ژمارێكی بانكی له‌ بانكێكی ده‌وڵه‌ت دروستده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دیناری عێراقی كه‌لوپه‌له‌ هاورده‌كانی له‌ ئێران بكڕێت و ئه‌ هه‌ژماره‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ مامه‌ڵه‌ی بازرگانی هه‌ردوو وڵات.

بڕیاره‌ له‌ ٥ی ئەم مانگه‌وه‌ سزاكانی سه‌ر ئێران ده‌ستپێبكه‌ن و ئه‌مڕۆش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی هه‌شت وڵاتی به‌خشیوه‌ له‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن بەبێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرابکات.